دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بە راپۆرتی پزیشكی دۆخی گیراوانی لالەزار دەخاتەڕوو

:: PM:01:53:20/05/2026 ‌
شاندێكی باڵای دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان، بڕیارە دوای راپۆرتی پزیشكی، دەستەكە هەڵوێستی فەرمی لەبارەی پرسی ئەشكەنجەدان و لە پیاوەتی خستنی گیراوانی لالەزار رابگەیەنێت.

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ئەمڕۆ چوارشەم 20ی ئایار، لەبارەی سەردانەكەیان بۆ لای گیراوانی سلێمانی بەتایبەت كەیسی لالەزار لە كانی گۆمە، راگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە و تیایدا هاتووە، بۆ سێ تەوەری سەرەكی سەردانی سلێمانییان كردووە، گرنگترینیان دۆسیەی گیراوانی لالەزارە.

لە راگەیەنراوەكەیاندا هاتووە، شاندەكە بە سەرۆكایەتیی مونا یاقو سەرۆكی دەستە و بە یاوەری رامان مەجید  راوێژكاری سەرۆكی دەستە و تاڤگە عومەر رەشید  بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی یاسا بوون. .

ئاماژەی بەوە داوە، شاندەكە لەگەڵ سەرۆكی دادگای سلێمانی و دادوەر عومەر ئەحمەد سەرۆكی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی كۆبوونەتەوە، گفتوگۆیان لەبارەی قۆناغە یاساییەكانی دۆسیەی گیراوانی لالەزار كردووە.

لە گرتووخانەی كانی گۆمە چاویان بە (حەمەڕەش) و (كارزان) كەوتووە كە دوو لە گیراوی  دۆسیەی لالەزارن، ئەمەش بەمەبەستی دڵنیابوونەوە لە رەوشی تەندروستی و بارودۆخیان.

سلێمان موحسین سندی بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پێوەندییەكان و راگەیاندنی دەستەكە گوتی، شاندەكەیان گوێبیستی قسەی گیراوەكان  بوون و داوایان كردووە، حەمەڕەش رەوانەی پشكنینی پزیشكی بكرێت بۆ سەلماندنی راستی و دروستی ئەو زانیارییانەی باس لە ئەشكەنجەدان و لە پیاوەتی خستنی دەكەن.

 گوتیشی: دەستەكە چاوەڕوانی راپۆرتی پزیشكی دەكات بۆ وەرگرتنی هەڵوێستی فەرمی.

دووپاتیشی كردەوە، نووسینگەی سلێمانییان راسپاردووە بۆ ئەوەی لە رۆژانی داهاتوودا سەردانی 20 گیراوەكەی تر بكەن كە لە گرتووخانەی كانی گۆمە راگیراون بۆ ئەوەی لە دۆخی تەندروستییان دڵنیا ببنەوە.

هەر لە سەردانەكەی شاندی باڵای دەستەی مافی مرۆڤ، بەدواداچوون بۆ كەیسی گیان لەدەستدانی داریوش محەمەد تەمەن 17 ساڵ كراوە كە 17ی ئەم مانگە بڵاو كرایەوە، گوایە لە گرتووخانەی چاكسازیی ئافرەتان و منداڵانی سلێمانی كۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە، دەستەكە لەو سەردانەی سلێمانیدا بە وردی چاودێریی تۆمارە ڤیدیۆییەكانی ژووری كۆنترۆڵیان كردووە.



وشە - سۆران عەزیز