نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە كاتی پاككردنەوەی باڵەخانەیەك، چوار كرێكار بەربوونەوە و گیانیان لە دەست دا.
ئەمڕۆ چوارشەم 20ـی ئایار، وڵات ئۆزمانی سەرۆكی لقی دهۆكی سەندیكای كرێكارانی كوردستان، بە "وشە"ـی راگەیاند، رووداوەكە نیوەڕۆی ئەمڕۆ بوو، ئەو كرێكارانە لە پڕۆژەیەك كاریان كردووە، لە كاتی سەركەوتن بەسەر باڵەخانەكەیەك لە ڕێگەی بەرزكەرەوەی سەرەكی (ئەسانسۆر)، كەوتوونەتە خوارەوە.
باسی لەوەش كرد، بەداخەوە چوار كرێكار گیانیان لە دەست داوە و یەكێكیش بریندار بووە.
روونی كردەوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەشت كرێكار لە دهۆك لە كاتی كاركردن گیانیان لە دەست داوە، دوو كرێكار بەهۆی كارەباوە گیانیان لە دەست داوە، چوار كرێكارەكەی ئەمڕۆ و دوو كرێكاری تریش بەهۆی بەربوونەوە بووە.