فەتوا لەبارەی قوربانیكردن و بردنی بۆ وڵاتێكی تر دەرچوو

:: AM:09:08:25/05/2026 ‌
ئەنجوومەنی باڵای فەتوا لە كوردستان لە دانیشتی نائاسایی خۆیدا، هانی مسوڵمانانی هەبووی كوردستان دەدات بۆ ئەنجامدانی قوربانی چەندە بتوانن، چونكە سوننەتێكی یەكجار گەورەیە و خێر ‌و پاداشتێكی نەبڕاوەی هەیە، وەك لە چەندان دەقی پیرۆزدا هاتووە.

ئەنجوومەنەكە لە فەتواكەیدا دەڵێت، كاتی سەربڕینی قوربانی لە یەكەم ڕۆژی جەژنی قوربان لە دوای نوێژی جەژن دەست پێ دەكات تا كۆتایی رۆژی چوارەمی جەژن، لە هەموو كاتەكانی ئەو چوار ڕۆژەدا دروستە ئەنجام بدرێت، شەو بێت یان رۆژ جیاوازی نییە.

باس لەوەش كراوە، بزن‌ و مەڕ هەریەكیان تەنیا بەیەك قوربانی دەچێت بە مەرجێك بزن دوو ساڵی تەواو كردبێت ‌و مەڕیش یەك ساڵی تەواو كردبێت، ڕەشەوڵاغیش یەك دانەی بۆ حەوت قوربانی دەبێت‌ و مەرجە وڵاغەكە دوو ساڵی تەواو كردبێت. 

روون كراوەتەوە، بۆ ئەوانەی كە چوونەتە حەج و نیازی قوربانییان هەیە، باشتر وایە قوربانی لێرە لە كوردستان بكەن بە تەوكیل، چونكە لە مەكەی پیرۆز رێژەیەكی یەكجار زۆری قوربانی ئەنجام دەدرێت، بۆیە ئەو پێویستییەی لێرە هەیە لەوێ نییە.

ئاماژە بەوەش كراوە، باش وایە پارە رادەست نەكرێت بە هیچ دەزگا و رێكخراوێك بۆ ئەنجامدانی قوربانی، چونكە عیبادەتێكی سەربەخۆیە، خێرتر وایە كەسەكان بۆ خۆیان ئەنجامی بدەن، چونكە زیاتر دڵنیا دەبن لەوەی كە چۆن قوربانییەكە دەكەن و بەپێی ئادابی شەریعەت جێبەجێی دەكەن، لای زۆرینەی زانایانی تریش دروست نییە گواستنەوەی قوربانی لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی تر، یان لە شارێكەوە بۆ شارێكی تر، تەنیا لەو كاتەدا نەبێت كە كەسەكانی شوێنی دووەم زۆر هەژار‌تر و پێویستر بن، یان خزمە هەژارەكانیان لەو جێیە بن، بۆیە داواكارین كەس قوربانی نەباتە دەرەوەی كوردستان، بەتایبەت كە ئەمساڵ هەژاری و نەدارییەكی زۆر هەیە لە باشوری كوردستان و تێكڕای پارچە دابڕاوەكانی تریش.

روون كراوەتەوە، قوربانیی سوننەت دروستە خاوەنەكەی و ماڵ و منداڵی لێی بیخوات، هەروەها لێی بدرێتە دەوڵەمەندەكانیش بە مەرجێك مسوڵمان بن، چونكە ئەمە قوربانییە و عیبادەتە، سەدەقەی عیبادەتیش وەك قوربانی و زەكاتی ماڵ تەنیا لە مسوڵمانانەوەیە و بۆ مسوڵمانانیش دەشێت.


وشە - رامیار جەواد