سەرجەم رێكارەكان تەواو كراون و چاوەڕوانی هاتنی مووچە دەكرێت

:: AM:09:23:25/05/2026 ‌
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان، سەرجەم رێكارەكانی مووچەی تەواو كردووە، ئەمڕۆ داهاتی ناوخۆ بۆ بەغدا دەنێرێت.

ئەمڕۆ دووشەم 25ـی ئایار، بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان، زیاتر لە 50 ملیار دینار رەوانەی لقی هەولێری بانكی ناوەندی دەكات وەك نیوەی داهاتی ناوخۆ.

ئەوەیش زانراوە، بڕیارە پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ نووسراوی فەرمیی داهاتەكە ئاراستە بكرێت و بڕی نزیكەی 50 ملیار دینار لە لقی هەولێری بانكی ناوەندییەوە بخرێتە سەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی عێراق.

بەمەیش تەنیا بڕیاری عێراق دەمێنێت كە نووسراو ئاراستەی لقی هەولێری بانكەكە بكات تا پارەی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان بگوازنەوە سەر وەزارەتی دارایی و ئابووری.

خشتەی دابەشكردنی مووچەی مانگی پێنجی مووچەخۆرانیش بەتەواوی ئامادە كراوە، وەزارەتەكە ئێستە تەنیا چاوەڕێی گەیشتنی پارەكەی بەغدا دەكات، تا دەستبەجێ و بێ دواكەوتن دەست بە دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بكات.


وشە - رامیار جەواد