بەمەبەستی دابەشكردنی مووچە، پشووی سبەی بۆ بانكەكان و گەنجینەكان و تیمی هەژماری من هەڵوەشایەوە، سبەی دەبێت ئامادەییان هەبێت بۆ دابەشكردنی مووچە و پڕكردنەوەی ئامێرەكان.
ئەمڕۆ دووشەم 25ـی ئایار، سەرچاوەیەك بە "وشە"ـی راگەیاند، لەگەڵ بڵاوكردنەوەی لیستی مووچە، ئاگاداریش بە بانكەكان دەدرێت كە پشووی سبەی هەڵوەشایەوە بۆ ئەو بانك و شوێنانەی تا ئێستە لە رێگەی دەستی مووچە دابەش دەكەن.
ئەوەیش زانراوە، لە هەمان كاتدا بانكەكان ئاگادار دەكرێنەوە كە دەبێت بەردەوام ئامێرەكانی ATMكان پڕ بكەنەوە بۆ ئەوەی تەواوی مووچەخۆران موووچەكانیان وەربگرن.
هاوكات گەنجینەكان تەواوی فەرمانگەكانیان ئاگادار كردووە بەخێرایی ئەمڕۆ چەكی مووچەكانیان بنێرن و دەست بە رێكارەكان بكەن.
هاوكات سەرچاوەیەك لە هەژماری من بە "وشە"ـی راگەیاند، بۆ ئەم مانگە نزیكەی 850 هەزار مووچەخۆر لە رێگەی ئامێرەكان مووچە وەردەگرن.
زیاتر گوتی، ئەم مانگە بەراورد بە مانگی رابردوو، 50 هەزار كەس زیاتر دەتوانن لە رێگەی ئامێرەكانی راكێشانی پارە (ATM)ەوە مووچەكانیان وەربگرن، بۆیە هەموو ئامادەییەكمان هەیە لە رۆژانی جەژنیش بێ كێشە مووچە دابەش دەكەین.