ئاری هەرسین رای گەیاند، هەموو حزبە سیاسییەكان بەشێوەی خۆیان قسە دەكەن و رێزیش لە قورسایی بەرانبەر دەگرێت، بەڵام ئێمە بەگوێرەی قورسایی یەكێتی خۆیان قسەیان لەگەڵ دەكەین.
لە لێدوانێكی رۆژنامەوانی ئارى هەرسین گوتی، یەكێتی پێویستی بەوە نییە چەند غرامێك بخاتە سەر تەرازووەكەی و بێت مامەڵە بكات، پێویستیان بەوە نییە وردەواڵە بێت پاڵپشتی بكەن كە دوێنی دروست بوون.
دووپاتی لەوە كردەوە، كە بەستنی هاوپەیمانی لە پەرلەمان ئاساییە، بەڵام پارتی و یەكێتی دوو جومگەی گرنگی كوردستانن و كورسی پێوەر نییە بۆ قورسایی حزب.
ئەو لە بەشێكی تری قسەكانیدا گوتى، پێشتر گۆڕان 25 كورسیی هەبوو، بەڵام قورسایی وەك حزب هەر وەك یەكێتی نەبووە، بۆیە نابێ یەكێتی پشت بە وردەواڵە ببەستێ.
لێدوانی ئاری هەرسین لە كاتێكدایە كە ئێستە نەوەی نوێ 15 كورسیی پێشكەشی یەكێتی كردووە، ئەوەیش دوای رێككەوتنێكی ژێربەژێر كە تەنیا ئامانجەكەی ئازادكردنی شاسوار عەبدولواحید بوو لە زیندان.