یەكگرتوو: چاوەڕوان دەكرێت دوای جەژن پارتی و یەكێتی كۆ ببنەوە

:: PM:06:08:25/05/2026 ‌
لە چەند رۆژی رابردوودا، سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان، وەك دەسپێشخەرییەك سەردانی هەریەكە لە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی كرد. دواتریش كۆبوونەوە لەسەر ئاستی باڵا لەنێوان ئەو حزبە و پارتی دیموكراتی كوردستان ساز درا. 

گوتەبێژی یەكگرتووی ئیسلامی رای گەیاند، بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە، سەركردایەتیی پارتی و یەكێتی بەسەركراوە و ئێستە چاوەڕوانی لێكەوتەكانی ئەو سەردانانە دەكەین. 

سەلاحەدین بابەكر گوتەبێژی یەكگرتووی ئیسلامی رای گەیاند، یەكگرتوو بە فەرمی داوای لە پارتی و یەكێتی كردووە كە پاش پشووەكانی جەژنی قوربان، كۆبوونەوەیەكی هاوبەش لەسەر ئاستی مەكتەبی سیاسیی هەردوولا ئەنجام بدەن.

روونیشی كردەوە، ئەم داواكارییە لە چوارچێوەی ئەو دەستپێشخەرییەدا دێت كە سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەكگرتوو بۆ تێپەڕاندنی دۆخی چەقبەستووی سیاسی، كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان و پەلەكردن لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم، خستوویەتییە ڕوو.

دووپاتی لەوە كردووەتەوە، هەردوو حزب بە ئەرێنی پێشوازییان لەم هەوڵە كردووە و ئێستە ئەوان چاوەڕوانی دیاریكردنی وەڵام و كاتی كۆبوونەوە فەرمییەكەن.


وشە - وشه‌