نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق کرد

:: PM:10:48:25/05/2026 ‌
ئەمڕۆ دووشەم 25ی ئایاری 2026، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە هەولێر پێشوازیی لە نیکۆلۆ فۆنتانا باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا کە تۆماسۆ سانسۆنێ کونسوڵی گشتیی ئیتالیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، دۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی کوردستان و پێوەندییەکانی ئیتالیا لەگەڵ هەولێر و بەغدا تاوتوێ کران. هەروەها باسیان لە دوایین سەردانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بۆ ئیتالیا و دیدار و کۆبوونەوەکانی لە ڕۆما کرد.

نێچیرڤان بارزانی، وێڕای پێزانین بۆ پشتگیریی بەردەوامی ئیتالیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان، دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان خوازیاری پەرەپێدانی زیاتری پێوەندییەکان و هاریکاریی هاوبەشە لەگەڵ ئیتالیا.

لەلای خۆیەوە، باڵیۆزی ئیتالیا پێوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان بە گرنگ لە قەڵەم دا، هەروەها جەختی لە بەردەوامیی پابەندیی ئیتالیا بۆ پشتگیریکردنی ئارامی و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە.

لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، دوایین پێشهاتەکانی دۆخی ناوچەکە و چەند پرسێکی جێی بایەخی هاوبەش تاوتوێ کران.


وشە - پۆڵا مەحموود