كابینەكەی مەسروور بارزانی، هەموو رێگەیەكی بۆ پاراساتنی ژینگەی كوردستان گرتووەتەبەر و لە هەموو لایەكەوە ئامادەكاری دەكرێت تا فڕێدانی زبَل و خاشاك و داربڕین و ڕاوكردن كۆتایی بێت، سزای سەرپێچیكارانیش توندتر دەكرێت.
وەزارەتی ناوخۆ بەڕێوەبەرایەتییەكانی ژینگە و دارستانی سەرجەم شارەكانی ئاگادار كردووەتەوە كە توندتر بن لە پاراستنی ژینگە، داربڕ و راوكەر و زبڵفڕێدەر بگرن و سزایان بدەن و رێگە نەدەن كەس دەستدرێژی بۆ سەر ژینگە بكات.
بڕیارە نوێیەكە بەو شێوەیەیە هەر كەسێك دەستدرێژیی بكاتە سەر ژینگە، سزاكەی لە 100 هەزارەوە تا 10 ملیۆن دینارە، ئەمەش وەك هەوڵێك بۆ رێزگرتن لە ژینگە و پاراستنی دراوە.
كوردستان بەدەست زبڵ و خاشاكەوە دەناڵێنێت و ساڵانە هەزار تۆن فڕێ دەدرێتە ناو سروشتەوە، ئەمەش مەترسیی رژد لەسەر ئایندەی نەوەكانی دواتر دەبێت.
لە دەستپێكی كابینەی نۆدا و لە كارنامەی مەسروور بارزانی، یەكێك لە خاڵە گرنگەكانی پاراستنی ژینگە بوو، لەگەڵ دەستبەكاربوونیشیدا كارەكەی دەست پێ كرد، كارێك كە بەرلە خۆی نەكرابوو و رێگریی زۆر بوو، بەڵام رژدبوونی لەسەر ژینگەیەكی تەندروست هەموو كۆسپەكانی تێپەڕاند.
لابردنی پاڵاوگەی نایاسایی كە بووبوونە مەترسی لەسەر هەوای شارەكانی كوردستان، كارێك بوو سەرۆكی حكوومەت كردی و بەرژەوەندیی گشتیی خستە پێش بەرژەوەندیی ئەو كەسانەی لە پێناوی پارەدا ژینگەی كوردستانیان پیس دەكرد، پێشتریش بەهۆی دەستڕۆیشتوویان، ئەو كەسانە توانیبوویان چەندان ساڵ گیرفانیان پڕ بكەن و هەوای كوردستانیش پیس بكەن.
لابردنی موەلیدەكان كارێكی تری كابینەی نۆ بوو كە چەندان ساڵ بوو نەفەسیان شارەكان بڕیبوو، شارەكانیان كردبووە یەكپارچە دووكەڵ، بەڵام پڕۆژەی رووناكی توانی لە تەواوی شارە گەورەكاندا بیانكوژێنێتەوە و ئێستە لە شارۆچكە و شارەدێكانیش خەریكە دووكەڵی موەلیدە كۆتایی دێت.
لە درێژی هەوڵەكان بۆ رێگریی لە فڕێدانی زبڵ و خاشاك، بڕیار دراوە شۆفێرێك خاشاك فڕێ بداتە سەر شەقام، بە كامێراكانی تیژڕۆیی سزا دەدرێت.
بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر ڕای گەیاندووە، لە پێناو پاراستنی ژینگە و پاكڕاگرتنی، هەر شۆفێرێك زبڵ و خاشاك لە ئۆتۆمبێلەكەیەوە فڕێ بداتە سەر شەقامەكان، لە ڕێگەی كامێراكانی چاودێریی تیژڕۆییەوە سزای بۆ تۆمار دەكرێت.
لەمڕۆ سێشەم 26ی ئایارەوە، بڕیارەكەی هاتوچۆی هەولێر دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە و بەڕێوەبەرایەتییەكە هۆشداریش دەداتە شۆفێران كە فڕێدانی هەر جۆرە پاشماوەیەك، لەوانەش دەبە، قوتوو و شووشەی خواردنەوەكان بۆ سەر شەقامەكان، دەبێتە هۆی تۆماركردنی سەرپێچیی ڕاستەوخۆ لەسەریان، ئەوەش وەك ڕێكارێكی توند بۆ ڕێگریكردن لە پیسبوونی شەقامەكان.
مەفرەزەكانی پۆلیس هەوڵەكانیان چڕتر كردووەتەوە تا كۆتایی بە داربڕین بێت، بەردەوامن لە چاودێری داربڕەكان و بۆ هەر سەرپێچیكارێكیش سزای قورس هەیە.