سەرۆك بارزانی بەبۆنەی 50مین ساڵوەگەڕی هەڵگیرساندنی شۆڕشی گوڵان، پەیامێكی بڵاو كردەوە و رای گەیاند، شۆڕشی گوڵان قۆناغێكی گرنگ و چارەنووسسازی خەباتی گەلی كوردستان بوو.
ئەمڕۆ سێشەم 26ـی ئایار، لە پەیامێكی سەرۆك مەسعوود بارزانیدا هاتووە، شۆڕشی گوڵان قۆناغێكی گرنگ و چارەنووسسازی خەباتی گەلی كوردستان بوو. ئەم شۆڕشە درێژكراوە و هەڵگری پەیام و ئامانجەكانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو.
سەرۆك دەڵێت، شۆڕشی گوڵان بۆ هەموو لایەكی سەلماند كە ئەگەر لە قۆناغێكدا خەباتی گەلی كوردستان بۆ ماوەیەكی كورت تووشی وەستان هاتبێت، بەڵام ئیرادەی گەلی كوردستان هیچ كات نەشكاوە، بەڵكو بۆ گەیشتن بە ئامانجە پیرۆزەكان بە ئومێد و هێزێكی تازە لە تێكۆشان و خەباتیدا بەردەوام بووە. شۆڕشی گوڵان سەركەوتنی بەدەست هێنا، چونكە پشتی بە قارەمانێتیی پێشمەرگە و خۆڕاگریی جەماوەر و ڕێكخستنێكی بەهێز و دروشم و ئامانجی ڕوون بەست.
ئاماژە بەوەش دەكات، لە 50مین ساڵیادی هەڵگیرساندنی شۆڕشی گوڵاندا، پێزانینم بۆ جەماوەری كوردستان و هەموو ئەو تێكۆشەر و پێشمەرگە و ئەو نیشتمانپەروەرانە هەیە كە لە ناوخۆ و دەرەوەی كوردستان، ڕۆڵێكی قارەمانانەیان لە شۆڕشی گوڵاندا هەبووە و مێژوویەكی درەوشاوە و پڕ لە شانازییان بۆ گەلەكەیان تۆمار كرد.
لە كۆتایی پەیامەكەیدا سەرۆك دەڵێت، لەم یادەدا سڵاو بۆ گیانی یەكەم شەهیدی شۆڕشی گوڵان شەهید سەید عەبدوڵا حاجی ئۆمەرانی و شەهیدانی شۆڕشی گوڵان و هەموو شەهیدانی كورد و كوردستان دەنێرین. ئازادی و دەستكەوتەكانی تری گەلەكەمان بەرهەمی خوێنی شەهیدان و قارەمانێتی پێشمەرگە و ڕەنج و دڵسۆزیی خەباتگێڕانی شۆڕشی گوڵان و سەرجەم شۆڕشەكانی گەلی كوردستانە.