مەسروور بارزانی: شۆڕشی گوڵان پیلانی دوژمنان و ناحەزانی كوردستانی تێكشكاند

:: AM:11:58:26/05/2026 ‌
جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، پەیامێكی بڵاو كردەوە و رای گەیاند، شۆڕشی گوڵان نەك تەنیا پیلانی دوژمنان و ناحەزانی كوردستانی تێكشكاند، بەڵكو  ئاسۆیەكی نوێی لە بەردەم بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی  خەڵكی كوردستاندا كردەوە.

ئەمڕۆ سێشەم 26ـی ئایار، لە پەیامێكی مەسروور بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستاندا هاتووە، لە ساڵیادی 50 ساڵی هەڵگیرسانی شۆڕشی 26ی گوڵاندا، بە شكۆ و شانازییەكی زۆرەوە، یادی هەموو شەهیدە سەربەرزەكان و پێشمەرگە قارەمانەكان و تێكۆشەر و خەباتكارانی ئەم شۆڕشە دەكەینەوە كە سەرەڕای دۆخی سەختی ئەو كاتەدا، بە ورەیەكی بەرزەوە، دەستیان بە خەبات و تێكۆشان و بەرگری لە مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان كردەوە.

دەشڵێت، شۆڕشی گوڵان نەك تەنیا پیلانی دوژمنان و ناحەزانی كوردستانی تێكشكاند، بەڵكو ئاسۆیەكی نوێی لە بەردەم بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی خەڵكی كوردستاندا كردەوە و سەلماندی كە خواست و ئیرادەی گەلی كوردستان، لە هەموو پیلانێك بەهێزترە و سەرەنجام بەهۆی خۆڕاگری و یەكڕیزی و هاوهەڵوێستی گەلەكەماندا ڕاپەڕین و ئازادی وڵات و چەندان دەستكەوتی تری نیشتمانیمان بەدەست هێنا.

لە كۆتایی پەیامەكەیدا هاتووە، لە یادی 50 ساڵ و یۆبیلی زێڕینی شۆڕشی گوڵاندا، سڵاو لە گیانی پاكی بارزانیی نەمر و كاك ئیدریسی هەمیشە لەیاد و گشت شەهیدانی شۆڕشی گوڵان و سەرجەم شەهیدانی كوردستان.




وشە - رامیار جەواد