ئەمڕۆ پێنجشەم 28ی ئایاری 2026، لە هۆشدارییەكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسیی و بوومەلەرزەزانی هاتووە، کە لە ئەنجامی هاتنی شەپۆلێکی تۆز و خۆڵ لە ناوچەکانی باشوور و ڕۆژئاوای عێراقەوە، کاریگەریی ئەم شەپۆلی خۆڵبارینە بۆ سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان درێژ دەبێتەوە.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە کە شەپۆلەکە سەرەتا لە ناوچەکانی باشوور و ڕۆژئاوای هەرێم (پارێزگای کەرکووک و دەوروبەری و دەشتی هەولێر) دەست پێ دەکات، پاشان لە کاتەکانی سبەی بەیانی ڕۆژی هەینی، کاریگەریی خۆڵبارینەکە بۆ زۆربەی ناوچەکانی هەرێم درێژ دەبێتەوە. بەگشتی مەودای بینین لە نێوان پێنج بۆ حەوت کیلۆمەتر دەبێت، بەڵام لە ناوچەکانی پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کاریگەرییەکەی لاواز دەبێت.
هەروەها پێشبینی دەکرێت لە شەوی هەینی لەسەر شەموو، کاریگەریی تۆز و خۆڵەکە لەسەر ناوچەکانی پارێزگای هەولێر، سلێمانی، کەرکووک، ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین زۆر زیاد بکات و مەودای بینین کەم ببێتەوە بۆ سێ کیلۆمەتر. کاریگەرییەکە تا نیوەڕۆی ڕۆژی شەموو لەسەر ناوچەکان دەمێنێتەوە، لەگەڵ ئەگەری بارینی کەمێک نمەباران لە ناوچەکانی ئیدارەی ڕاپەڕین، سلێمانی، هەڵەبجە و گەرمیان، پاشان لە کاتەکانی شەودا کاریگەرییەکەی لاواز دەبێت. هاوکات پلەکانی گەرما بە بڕی سێ بۆ پێنج پلەی سیلیزی نزم دەبنەوە.