لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان شەپۆلێكی ناڕەزایی بەرانبەر گۆرانیبێژ تەها قادر دەستی پێ كردووە، ئەو لە چێشتخانەیەكی دهۆكدا دەڵێت، "شیمال حلو".
هەرێمی كوردستان ماوەی 100 ساڵ خەباتی تێدا كرا تا تێیدا عەقڵی ئەوانە بێنێتەوە جێی خۆی كە لەبری كوردستان دەیانگوت، "شیمال".
بەڵام ئێستە چێشتخانە و بازاڕ و گۆرانیبێژ ئەو كارە بەدڵی هەوادارەكانیان كە عەرەبە دەكەن، رێز لە ناوی كوردستان و خوێنی شەهیدان و قوربانیدانی میلەتەكە ناگرن و بەزمانی عەرەبی لەسەر كارەكەیان دەنووسن و گۆرانی عەرەبی لێ دەدەن و تەنانەت "شیمال"یشی هاتە سەر.
لە نوێترین گرتە ڤیدیۆی تەها قادر لە چێشتخانەی ماڵتا لە دهۆك كە دیارە ئامادەبووان عەرەبن، تەها لە بری كوردستان دەڵێت، "شیمال حلو"، ئەوەش ناڕەزایی چالاكان و رەخنەگرانی كوردستانی لێ كەوتەوە و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان داوا دەكەن، حكوومەت رێگریی لەم جۆرە كەسانە بكات كە بۆ پارە، ئامادەن ناوی وڵاتەكەی خۆشیان بگۆڕن.
بۆتان لوقمان كە چالاكێكی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانە و بابەتەكانی زۆرتر كاری نەتەوەین، لەمبارەیەوە ڤیدیۆیەكی بڵاو كردەوە و دەڵێت، ئەم جۆرە گۆرانیبێژ و چێشتخانانە ئامادەن هەموو شتێك تەنانەت وڵاتەكەشیان بفرۆشن، بۆیە ئەوە ئەركی حكوومەتە رێگریی لەم شەپۆلە بكات و لێ نەگەڕێت لەسەر حیسابی وڵاتەكە، بازرگانی بكەن و دژی نەتەوەكەی خۆیان كار بكەن.
تەها قادر كە پێشتر تۆمەتبار كرا بەوەرگرتنی ئاوازی عەرەبی و وەك ئەو چالاكە دەڵێت، ئێستە هاتووە كوردستان دەكاتەوە بە"شیمال".
هاونیشتمانیان دەڵێن، دەزانین تەها ئەو هۆشیارییەی نییە لەوە بگات كە ناوهێنانی كوردستان بە "شیمال" چ كارەساتێكە، بەڵام بۆچی چێشتخانەكە رێگە بەو جۆرە كارە دەدات و دواتریش بۆ ئەوەی دوو عەرەب سەردانی بكەن، ڤیدیۆكەی بڵاو كردووەتەوە.