ئەو كەسانەی گۆڕستانی سەیدسادقیان سووتاند گیران

:: PM:03:05:31/05/2026 ‌
ئاسایشی هەڵەبجە گرتنی ئەو كەسانەی ڕاگەیاند كە گۆڕستانی شارۆچكەی سەیدسادقیان سووتاند.

ئەمڕۆ یەكشەم 31ی ئایار، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای هەڵەبجە رای گەیاند، پاش ئەوەی چەند شەوی ڕابردوو گۆڕستانی شارۆچكەی سەیدسادق ئاگری گرت و بەو هۆیەوە زیان بەر دار و پوش و پاوەنەكەی كەوت، دەستبەجێ دوای لێكۆڵینەوە، بەبڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایشی پارێزگای هەڵەبجە، هێزەكانمان لە سەیدسادق توانیان سێ تۆمەتبار بەناوەكانی (ڕ .ع . ع) و (م . ن . ڕ) و (ڕ . ت . ڕ) بگرن.

لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، دوای لێكۆڵینەوە، تۆمەتباران ددانیان بە بە تاوانەكەیاندا ناوە و بۆ ئەو مەبەستەش بە بڕیاری دادوەر، هەرسێ تۆمەتبارەكە ڕادەستی بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سەیدسادق كران.

ئەوەش خراوەتەڕوو كە پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ تۆمەتبارەكان كراوەتەوە و لێكۆڵینەوەی زیاتریش بەردەوامە.



وشە - سۆران عەزیز