نرخی كەر گران بووە

:: PM:03:46:31/05/2026 ‌
ئەمساڵ بەهۆی زۆربوونی شوان و ئاژەڵداری و بوونی گژوگیایەكی زۆر، نرخی گوێدرێژ "كەر" لە هەرێمی كوردستان گران بووە. جامبازێك دەڵێت، هەر كەرێك 100 هەزار دینار چووەتە سەر نرخەكەی.

ئەمڕۆ یەكشەم 31ـی ئایار، سوارە قادر جامبازی كڕین و فرۆشتنی گوێدرێژە و بە "وشە"ـی راگەیاند، ماوەی 20 بۆ 25 رۆژە نرخی كەر بە تەواوەتی گران بووە، هۆكاری سەرەكیی گرانبوونەكەشی بۆ بوونی شوانكار و كڕیاری مەرداڕ دەگەڕێتەوە.

باسی لەوەش كرد، ئەمساڵ مەڕدار لە ساڵانی پێشوو زیاترن، هەروەها ئەو شوانكارانەی دەچنە ناوچە كوێستانییەكان، ئەمساڵ زیاتر پێویستیان بە كەر دەبێت بەهۆی بوونی بەهارێكی تەڕ.

زیاتر گوتی، نرخێكی فەرمی یان جێگیر بۆ كەر (گوێدرێژ) لە هەرێمی كوردستان بوونی نییە، بەڵام بەپێی بازاڕی ئاژەڵان، لە ناوچە جیاوازەكان (مەیدانی ئاژەڵان)، نرخی كەر بە گشتی لە نێوان 100 هەزار تا 400 هەزار دیناری عێراقی بوو، بەڵام ئێستە ئەگەر كەرێك كێشەیەكی هەبێت، ئەگەر نا لە 150 بۆ 200 هەزار كەمتر نایكڕیت.

لەبارەی جیاوازیی نرخ ئاماژە بەوە دەكات، ئەم نرخەش بەپێی چەند هۆكارێك دەگۆڕێت، ئەوەیش تەمەن و تەندروستی ئەو كەرانەی گەنجن و بۆ كاركردن شیاون، نرخەكەیان بەرزترە، هەروەها جۆری بەكارهێنان لە ناوچە شاخاوییەكان كە بۆ گواستنەوەی بار یان كاروباری كشتوكاڵی بەكار دێن، خواست لەسەریان زیاترە و نرخەكەیان بەرزتر دەبێتەوە.

لە هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی تری عێراق، كەری خۆماڵی (گوێدرێژ) بەپێی تایبەتمەندییە جەستەیی و ناوچەییەكان، بە سەرەكی دابەش دەبێت بەسەر سێ جۆری بنەڕەتیدا. ئەم جۆرانە لە ڕووی قەبارە، ڕەنگ، توانای بەرگەگرتنی سەرما و گەرماوە لە یەكتر جیا دەكرێنەوە:

1-كەری كوردی (كەری شاخی)
قەبارەیەكی بچووك یان مامناوەندی هەیە، خوری یان مووی جەستەی خەست و درێژە بۆ ئەوەی لە سەرمای زستانی ناوچە شاخاوییەكان بیپارێزێت، هەروەها قاچەكانی زۆر بەهێزن و توانایەكی بەرزی هەیە بۆ سەركەوتن بەسەر ڕێگە سەخت و شاخاوییەكاندا، رەنگیشی زیاتر خۆڵەمێشی، قاوەیی، یان ڕەش دەبینرێت. 

2-كەری بەغدادی (كەری سپی)
قەبارەی جەستەی لە كەری كوردی گەورەتر و بەرزترە، بەهۆی گەورەیی قەبارەیەوە، لە مێژوودا زیاتر بۆ سواری و گواستنەوەی بار لە ناوچە دەشتایییەكان بەكار هاتووە، ڕەنگی سپییە یان سپی باوە.

3- كەری حەسایی (ئەلحەسائی)
ئەم جۆرە لە بنەڕەتدا لە نیمچەدوورگەی عەرەبییەوە هاتووە، بەڵام لە ناوچە گەرمەكانی عێراق و هەندێك دەشتی گەرمی كوردستان بوونی هەیە، خاوەن دەست و قاچی درێژ و دەركەوتەیە، بەرگەی گەرمای توند دەگرێت و بۆ كاری كشتوكاڵی بەكار دێت.




وشە - رامیار جەواد