مەحموود مەمەد ئاغا: وەبەرهێن لە سلێمانی لەدەست سەرانە رادەكەن

:: PM:05:25:31/05/2026 ‌
مەحموود مەمەد ئاغا كادری بەرەی گەل و كوڕی كەسایەتییەكی دیاری چەمچەماڵە، لەبارەی ساڵوەگەڕی دامەزراندنی یەكێتی رای گەیاند، یەكێتی لە كۆشكەكانی شاخەوە هاتووە بۆ گوندە گەورەكەی سلێمانی.

ئەو لە وتارێكدا نووسیویەتی، ئەگەر جاران مام جەلال لە میتینگی هەزاران كەسیدا پەیامی یەكێتیی نیشتمانیی دەگەیاندە جەماوەر، ئەگەر لە ڕابردوودا شێركۆ بێكەس بە ئەدەبیات و شیعرە ناوازەكانی، هەست و سۆزی شۆڕشگێڕانە و نەتەوەیی دەوروژاند؛ ئەگەر پێشتر سەركردە و كادرە دێرین و بەئەزموونەكان شرۆڤەی سیاسەتە پێشكەوتنخوازییەكانی حزبیان دەكرد، ئێستە ئیتر ئەو قۆناغە زێڕینەی یەكێتی كۆتایی هاتووە.

"نكوڵی لەوە ناكرێت كە ئێستە كۆمەڵێك داودەزگای نافەرمی و سێبەر و تاقمێكی نەخوێندەوار و نەشارەزا، بوونەتە دەمڕاستی ئەو حزبە، ئەم ئەركەی بە كۆمەڵێك میدیای سێبەر، بازرگانی ساختەچی و چەند دەستەیەكی دەمامكداری نێو هێزە تەناهییەكانی سپاردووە" مەحموود مەمەد ئاغا وای نووسیوە.

بە گوتەی ئەو، یەكێتی ئێستە دەیەوێت كەس بیر لەوە نەكاتەوە كە سلێمانی سەردەمانێك بە شاری شاران و لانكەی پێشكەوتنخوازی و ڕۆشنبیری ناوبانگی هەبوو بۆچی ئێستە لە گوندێكی گەورەی لەبیركراوی بێ خزمەتگوزاری دەچێت؟.

هەروەها دەڵێ‌، دەیانەوێت لەناوچوونی سروشتی ئەزمەڕ و گۆیژە، داڕووخانی كەرتی كشتوكاڵ، بێئاوی، بێكارەبایی، كۆچی بەكۆمەڵی گەنجان، دۆخی نالەباری تەناهى و مایەپووچبوونی كەرتی تایبەت بشارنەوە؛ تا كەس نەبینێت چۆن بازرگان و وەبەرهێنەرانی دەڤەرەكە لەدەست سەرانە و باجی ناشەرعی ڕادەكەن.


وشە - وشه‌