وەرگرتنی کۆمپیالە و کەفالەی دارایی لە کرێکاران قەدەغە کرا

:: PM:10:19:31/05/2026 ‌
ئەمڕۆ یەکشەم 31ی ئایاری 2026، لە ڕاگەیەنراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتیدا هاتووە، وەرگرتنی "کۆمپیالە" یان "کەفالەی دارایی" لە کرێکاران بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئاگاداری سەرجەم خاوەنکاران کراوەتەوە کە پاڵپشت بە یاسای کار ژمارە 71ی ساڵی 1987 و نووسراوە فەرمییەکانی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکە و وەزارەتی دادی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، وەرگرتنی کۆمپیالە، کەفالەی دارایی، یان ناچارکردنی کرێکار بە "خۆقەرزارکردن" وەک مەرجێک بۆ دامەزراندن یان بەردەوامبوون لە کاردا، پێچەوانەی یاسایە و بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.

هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە سەرجەم ئەو خاوەنکارانەی پێشتر ئەم کارە نایاساییەیان ئەنجام داوە، پێویستە بە زووترین کات هەموو ئەو پابەندییە داراییانە لەسەر کرێکاران هەڵبوەشێننەوە. بەپێچەوانەوە، ڕووبەڕووی سزای توندی یاسایی دەبنەوە، چونکە ئەم کارە دەبێتە ئامرازێک بۆ فشاری نایاسایی لە دەرەوەی بەندەکانی گرێبەستی کار.

لە بەشێکی تری ڕاگەیەنراوەکەدا داوا لە سەرجەم کرێکاران کراوە ڕێگە نەدەن ئەم پێشێلکارییەیان بەرانبەر بکرێت، لە کاتی هەر ناچارکردن یان بەدیکردنی ئەم سەرپێچییانەدا، دەتوانن بە شێوەیەکی نهێنی و پارێزراو بە چەند ڕێگەیەک لایەنی پێوەندیدار ئاگادار بکەنەوە. ڕێگەکانیش بریتین لە هێڵی گەرمی هۆشیاریی کرێکاران ژمارە 5500، یان پێوەندیی تەلەفۆنی و ناردنی نامە لە ڕێی واتسئەپ و ڤایبەر بۆ ژمارەکانی 07511225500 یان 07721225500 چ بە شێوەی نووسین یان پەیامی دەنگی.

هاوکات ڕوون کراوەتەوە کە کرێکاران دەتوانن لە ڕێی سیستەمی سکاڵای ئەلیکترۆنییەوە لە ڕێی بەستەری (https://skala.gkrd.krd/ComplianceProcess) سکاڵا تۆمار بکەن و لایەنی پێوەندیدار ئاگادار بکەنەوە، بۆ بینینی بەڵگە فەرمییەکانیش دەتوانن سەردانی پۆرتاڵی کار بکەن لە ڕێی بەستەری (https://kar.molsa.gov.krd/.../f8357ddf-32ca-4016-81bd...).


وشە - پۆڵا مەحموود