فەرمانێك لە مەسروور بارزانییەوە.. ئەمانە شەهیدن

:: PM:01:20:02/06/2026 ‌
هەردوو شەهیدی ژینگەی پێنجوێن بە بڕیاری فەرمی مەسروور بارزانی، بەشەهید هەژمار كران و بە شەهید تۆمار دەكرێن.

ئەمڕۆ سێشەم دووی حوزەیران، بەپێی فەرمانێكی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە وێنەیەكی دەست "وشە" كەوتووە و تێیدا هاتووە، بڕیارمان دا بە هەژماركردنی حاڵەتی گیان لەدەستدانی ئەو دوو هاووڵاتییەی ناویان هاتووە، بە شەهیدی هاووڵاتی.

ئەو دوو هاووڵاتییە لە ئاگرەكەی پێنجوێن گیانیان لە دەست دا بەناوەكانی بێستوون عەبدوڵا حوسێن و ئالان یوسف ئەحمەد.

ڕووداوی ئاگركەوتنەوەكەی پێنجوێن كە لە كۆتایی مانگی ئابی 2025 لە سنووری گوندەكانی هەڵاڵە، مەسۆ و قەڵای كچێ لە قەزای پێنجوێن كەوتەوە، بووە هۆی سووتانی دەیان دۆنم زەوی، پاوان و باخی هاووڵاتییان. 

ئەم ڕووداوە زیانی گیانیی لێ كەوتەوە و بەهۆی بەرفراوانیی ئاگرەكەوە، دوو ژینگەپارێزی خۆبەخش كە بەشدارییان لە كوژاندنەوەی ئاگرەكەدا كردبوو، بە سەختی سووتان و دواتر گیانیان لە دەست دا.







وشە - رامیار جەواد