بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی ڕای گەیاند، لە هەفتەی داهاتووەوە كامێرای تۆماركردنی تیژڕەوی لە چەند ڕێگەیەك دەكەوێتە كار و لە هەندێك شوینێش سیستمەكە لە خاڵ بۆ خاڵەوە دەگۆڕێت بۆ یەك خاڵ.
ئەمڕۆ سێشەم دووی حوزەیران، بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی رای گەیاند، لە سەعات 10ی بەیانی ڕۆژی یەكشەمی داهاتووەوە 7/6/2026، كامێراكانی تۆماركردنی تیژڕەوی بە سیستمی (خاڵ بۆ خاڵ) لەسەر ڕێگەی (كەلار – كفری) و بەپێچەوانەوە دەكەونە كار و سەرپێچی خێرایی بەشێوەیەكی فەرمی تۆمار دەكەن.
ئەوەشی خستەڕوو كە لە سەعات 10ی بەیانی هەمان ڕۆژەوە، ئەو كامێرایانەی كە پێشتر لە ڕێگەی دەرەوەی شار بە سیستمی (خاڵ بۆ خاڵ) كاریان دەكرد، بەشێكیان دەگۆڕێن بۆ سیستمی "یەك خاڵ".
هاتوچۆی سلێمانی ڕاشی گەیاند، پلانەكە ئەم شوێنانە دەگرێتەوە:
كامێرای یەكەم و كۆتایی ڕێگەكانی تاسڵووجە – دوكان و بە پێچەوانەوە، هەروەها كامێرای یەكەم و كۆتایی تاسڵووجە – چەمچەماڵ و بە پێچەوانەوە، بەهەمانشێوە كامێرای یەكەم و كۆتایی ڕێگەی هوانە – وارماوە و بەپێچەوانەوە، كامێرای یەكەم و كۆتایی ڕێگەی عەربەت – پارێزگای هەڵەبجە و پێنجوێن و بە پێچەوانەوە و كامێرای یەكەم و كۆتایی كەلار – كفری و بە پێچەوانەوە.
كامێرای ڕێگای تاسڵووجە – چەمچەماڵ ناو تەكیە.
كامێرای ناو چەمچەماڵ بەهەردوو ئاراستەكە.
كامێرای عەربەت – هەڵەبجەی شەهید بەردەم گوندی گرێزە.
كامێرای ناو عەربەت بە هەردوو ئاراستەكە.
هاتووچۆی سلێمانی دەڵێت، ئێستە ڕێگەی تاسڵووجە ـ دوكان و هەروەها تاسڵووجە ـ چەمچەماڵ، هێماكانی دیاریكردنی خێرایی بۆ ئۆتۆمبێلی گەورە و بچووك دانراوە و كاریان پێ دەكرێت.
لە ڕاگەیەنراوەكەی هاتوچۆی سلێمانیدا هاتووە، بە خێراییە دیاریكراوەكان و دووركەوتنەوەتان لە سەرپێچی و سەركێشی، دەتانپارێزێت لە لێپرسینەوەی یاسایی و دەرهاویشتەی ڕووداو و كارەساتەكانی هاتوچۆ.