سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی X، سەرەخۆشی قووڵی ئاراستەی سوپای ئەمەریکا و بەریتانیا کرد بەهۆی گیانلەدەستدانی دوو سەربازیان لە کاتی مەشقدا لە هەولێر، و دووپاتی لە گرنگی مانەوەی هێزەکانیان کردەوە.
ئەمڕۆ سێشەم، 2ـی حوزەیران، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی X، سەرەخۆشی قووڵی خۆی ئاراستەی سوپا و حکوومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا کرد، بەهۆی گیانلەدەستدانی دوو سەربازی ئەو دوو وڵاتە کە لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکێکی مەشق و ڕاهێناندا لە شاری هەولێر گیانیان لەدەستدا.
سەرۆکی هەرێم لە تویتەکەیدا نووسیویەتی کە لەم کاتە سەختەدا بیر و دوعا و هاوسۆزی لای خێزان و کەسوکاری ئەو دوو سەربازەیە و هاوخەمی قووڵی خۆی بۆ نزیکەکانیان دەربڕی.
هەروەها نێچیرڤان بارزانی لە ڕێگەی پەیامەکەیەوە دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان بە بەرزییەوە نرخ بۆ کار و ماندووبوونی ئەمەریکا و بەریتانیا دادەنێت، و بەردەوامیی پشتگیری و هاوکارییەکانیان بە فاکتەرێکی سەرەکی دەزانێت بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا.