زیادكردنی پشكی گەنمی جووتیارانی كوردستان درایە سەرۆك وەزیرانی عێراق

:: AM:09:28:03/06/2026 ‌
داواكاری بۆ زیادكردنی پشكی گەنمی جووتیارانی كوردستان، گەیەنرایە سەرۆك وەزیرانی عێراق و لە هەفتەی داهاتوو بڕیاری لەسەر دەدرێت.

ئەمڕۆ چوارشەم سێی ئایار، هیوا عەلی گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ـی راگەیاند، داواكاری زیادكرنی پشكی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان كاری لەسەر دەكرێت و مافێكی رەوای جووتیارانە.

زیاتر گوتی، پێش كۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، وەزیری كشتوكاڵ پەیامێكی بۆ وەزیرە كوردەكان ناردووە تا پشكی هەرێمی كوردستان زیاد بكرێت.

باسی لەوەش كرد، جگە لە زیادكردنی پشكی ئێمە، كار لەسەر جێگیركردنی ئەو بڕەش دەكەین كە 108 هەزار تۆن زیاد كراوە و كۆی گشتی كراوەتە 400 هەزار تۆن.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، دوێنێ‌ لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئەو داواكارییە پێشكەشی سەرۆك وەزیران كراوە، بڕیاریشە لە هەفتەی داهاتوو لە رۆژی سێشەم بڕیاری لەسەر بدرێت.

ئەوە لە كاتێكدایە پێشبینی دەكرێت گەنمی هەرێمی كوردستان نزیكەی دوو ملیۆن تۆن بێت، بەڵام عێراق بڕیاری داوە تەنیا 400 هەزار تۆن وەربگرێت.


وشە - رامیار جەواد