ئازەر ماجدییە هاوژینی مەنسوور حیكمەت رای گەیاند، دەركەوتنی مەنسوور حیكمەت و بەرزكردنەوەی ئاڵای كۆمۆنیزم لە ئێران و لە كوردستان، زیانی گەورەی بە بزووتنەوەی نەتەوەیی و ناسیۆنالیزمی كورد گەیاند و نەیهێشت گەشە بكات. گوتیشی، مەنسووری حیكمەت بۆ لەناوبردنی بزووتنەوەی نەتەوەیی كوردستان هاتبوو.
ژووبین ڕازانی ناسراو بە مەنسوور حیكمەت، كەسایەتیی ماركسیستی ئێرانی و ڕێبەری حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی ئێران بوو، كە لە سەرەتادا بەرھەڵستكاری ڕژێمی شا، دواتر دژی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بوو.
مەنسوور حیكمەت لەگەڵ ئازەر ماجیدی ژیانی ھاوسەرگیری پێكھێنابوو. دەستی ھەبوو لە دامەزراندنی حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی ئێران و حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی عێراق كە دوایی بەشێكی لێ جیابووەوە بەناوی حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی كوردستان كە ھەر لە ژێر كاریگەریی مەنسوور حیكمەت مانەوە.
دواتر لەپڕ بووە رابەری چەپی كوردیی لە رۆژهەڵاتی كوردستان و كۆمەڵە خۆیان رادەستی ئەو گرووپە كرد، مەنسووریان كردە رابەر و وازیان لە كاری نەتەوەیی و خزمەتكردنی كورد و كوردستان هێنا و زیاتر باسی ئێرانیان دەكرد.
بەڵام زۆری پێ نەچوو كۆمەڵە مەنسوور و گرووپەكەی كە ناوی سەهەند بوو، دەریانكردن و كوردستانی باشووریان جێهێشت.
لەمبارەیەوە پێشڕەو محەمەد كە خۆیشی ماوەیەك كۆمەڵە بوو رای گەیاند، من بەردەوام باسم لەوە كردووە كۆمۆنیزمی ئێرانی و چەپی توركی كە دێنە ناو بزووتنەوەی كوردستانەوە، ئامانجەكەیان یەك شتە: لاوازكردنی پرسی سیاسیی-نەتەوەیی كوردستان لە پێناوی پاراستنی دەوڵەت-نەتەوەی ئێرانی و توركیدا كار دەكەن.
پێشڕەو دەڵێت، ئەم ژنە ئازەر ماجدییە، هاوژینی مەنسوور حیكمەت (ژوبین ڕازانی) بە ڕاشكاوی دەڵێت، بە دەركەوتنی مەنسوور حیكمەت و بەرزكردنەوەی ئاڵای كۆمۆنیزم لە ئێران و لە كوردستان، زیانی گەورەی بە بزووتنەوەی نەتەوەیی و ناسیۆنالیزمی كورد گەیاند و نەیهێشت گەشە بكات. مەنسووری حیكمەت بۆ لەناوبردنی بزووتنەوەی نەتەوەیی كوردستان هاتبوو.
باسی لەوەش كردووە، چەپی توركیش ساڵانێكە هاتووەتە ناو بزووتنەوەی كوردستانەوە و ئەو بزووتنەوەیەی كورت كردووەتەوە بۆ سیاسەتی ناسنامە و لە ڕەهەندی سیاسی، خاك و پانتایی داماڵیوە و ناوی كوردستانی لێ داماڵیوە: ژن، ژینگە، زاگرۆسنشین، و چەپی تورك بەهاوكاریی كورد خۆی، كوردی لە بوون، بكەر و كاراییەكی سیاسییەوە كورت كردووەتەوە بۆ بوونێكی فۆلكلۆری، كە حەزی لە ترخێنە و نیسكێنە و ماست و پەنیر و دۆی دادە و تەشیڕێس و هتد بێت.
"ئێستە تەلەڤزیۆنیشیان بۆ داناوە بۆ ئەوەی كورد بۆ سیاسەتی قوربانیپەرستی و كەمینەیی وەك ژن، ژینگەدۆست، زاگرۆسپەرست كورت بكەنەوە، پرسی كوردستان وەك پرسی پانتایی و خاك و پرسی نەتەوەیی بیر بەرنەوە". پێشڕەو وا دەڵێت.