لە رۆژی شەمووی داهاتووەوە پرۆسەی تاپۆكردنی ئەو زەوییانەی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش كرابوون دەست پێ دەكات، ئامادەكاری بۆ دابەشكردنی زیاتر لە هەزار پارچە زەویی نوێش دەكرێت.
دابەشكردنی زەویی فەرمانبەران بە بڕیاری مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان بەردەوامە، تەنیا لە هەولێر پێنج قۆناغی دابەشكردنەكە بەڕێوەچووە كە زۆرینەی فەرمانبەران ئێستە خاوەنی زەویی 200 مەتری خۆیانن.
مەموند عەبدولوەهاب سەرۆكی شارەوانیی شارەدێی بەحركە رای گەیاند، تەواوی ئامادەكارییەكان بۆ دەستپێكردنی پرۆسەی تاپۆكردنی زەوییە دابەشكراوەكان تەواو بووە، رۆژی شەموو ناوی یەكەم كۆمەڵەی فەرمانبەران كە 500 كەس دەبن رادەگەیەنرێت، تا سەردانی شارەوانی بكەن بۆ دەستپێكردنی مامەڵەكانیان.
هاوكات پێشتر ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، ئامادەكارییەكان بۆ بەناوكردنی زەویی فەرمانبەران دەستی پێ كردووە و قۆناغ بە قۆناغ تاپۆ دەكرێت.
زەویی فەرمانبەران لە هەولێر زۆرینەی دەكەوێتە شەقامی دهۆك- هەولێر، كارزان عەبدولهادی سەرۆكی شارەوانیی هەولێر، بە "وشە"ی گوت، بەگوێرەی ماستەرپلانی نوێی هەولێر، چڕیی دانیشتووان دەگوازنەوە شەقامی دهۆك و بەتایبەت شوێنی زەویی فەرمانبەران.