لە دوای پەیامەكەی سەرۆك بارزانی بۆ كۆتاهێنان بە چەقبەستوویی دۆخی كوردستان، حزب و لایەنە سیاسییەكان و كەسایەتییە نیشتمانییەكان، پێشوازییان لێ كردووە و داوای كاراكردنەوەی پەرلەمان و كۆتاهێنان بە چەقبەستوویی سیاسیی كوردستان دەكەن.
مستەفا چاوڕەش ئەندامی پێشووی سەركردایەتیی یەكێتی و سیاسەتوان، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، دۆستمان نییە لە خۆمان زیاتر، كەسێك نییە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ددانی خێر بە كورددا بنێت، بیركردنەوەیان بۆمان دژایەتییە، بۆیە دەبێت یەكگرتوو بین.
چاوڕەش دەڵێ، لە كاتی ڕووداوەكانی ڕۆژئاوای كوردستان، ملیۆنان كورد لەسەر شەقام بوون لە شەقامەكانی ئەوروپا و كوردستان بۆ پشتیوانی برا و خوشكەكانیان لە ڕۆژئاوا، هەمیشە دوژمنەكان سوود لە ناكۆكییەكانمان دەبینن.
زیاتر گوتی، پەیامی كاك مەسعوود بارزانی بۆ ڕێكخستنەوە و كاراكردنەوەی دامەزراوەكان باشە، هەردوو مەكتەبی سیاسیی پارتی و یەكێتی قسەیان كردووە، لە ڕۆژانی داهاتوودا كۆ دەبنەوە بۆ چارەسەركردنی ئەم دۆخە.
زیاتر دەڵێ، هیوادارین بە زووترین كات چارەسەری ئەم بارودۆخە چەقبەستووەی كوردستان بكەن، پلە و پایە نەبێتە گرفت، بۆیە دەبێت بە یەكگرتوویی چارەسەری كێشەكان بكەن .
هەڵەبجە/ عەزیز هەورامی