قیرتاوكردنی جووتسایدی هەولێر-كۆیە چووە قۆناغێكی تر

:: PM:07:07:03/06/2026 ‌
كارەكانی قیرتاوكردنی بەشكی تری ڕێی ستراتیجیی جووتسایدی هەولێر - كۆیە بەچڕی و بە شێوازێكی خێرا بەردەوامە و بڕیارە پڕۆژەكە پێش وادەی دیاریكراوی خۆی تەواو بكرێت و دەكەوێتە خزمەت هاووڵاتییان.

ئەم پڕۆژەیە بە شادەماری ڕێگاوبانی هەرێمی كوردستان دادەنرێت، هەولێری پایتەخت بە پارێزگاكانی سلێمانی، هەڵەبجە، كەركووك و ئیدارە سەربەخۆكان دەبەستێتەوە.

پارێزگای هەولێر بڵاوی كردەوە كە پڕۆژەكە لەلایەن كۆمپانیای ئۆزان بە بەرزترین ئاستی ئەندازیاری جێبەجێ دەكرێت و درێژیی ڕێگاكە گەیشتووەتە 42 كیلۆمەتر "دوای زیادكردنی هەشت كیلۆمەتری نوێ بۆ بەستنەوەی بە شەقامی 60 مەتریی كۆیەوە" و پانیی گشتیی ڕێگاكە 32 مەترە، هەر سایدێك 3 ڕێڕەو (لاین) لەخۆدەگرێت كە پانییەكەی 12 مەترە و پێكدێت لە شەش ئۆڤەرپاس (بەرزەپرد).

هەروەها، پێنج ژێرپرد، 160 ئاوبڕی كۆنكرێتی، پردێكی گەورە بە درێژیی 250 مەتر و بەشێكیشی بەشێوەی تونێل دروست دەكرێت.

ڕێگاكە بەپێی ستانداردی نێودەوڵەتی و بە سێ چینی قیر بە ئەستووریی 22 سانتیمەتر جێبەجێ دەكرێت.



وشە - وشه‌