کۆڕەک تیلیکۆم: ڕووبەڕووی ستەم و زۆرداری بووینەتەوە و هەوڵی دوورخستنەوەمان دەدرێت

:: PM:08:58:03/06/2026 ‌
ئەمڕۆ چوارشەم سێی حوزەیرانی 2026، کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕای گەیاند کە لە سەرەتای وەرگرتنی مۆڵەتەکەیانەوە ڕووبەڕووی ستەم و زۆرداری بوونەتەوە و لە مافە سەرەتاییەکانیان بێبەش کراون، هاوکات هەوڵ دەدرێت بە بڕیاری زۆردارانە لە بازاڕ دوور بخرێنەوە.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندن ڕێگریی خستووەتە بەردەم جێبەجێکردنی گرێبەستی لێکتێگەیشتن، هەروەها بەڵگەنامەی ئەستۆپاکی باجی هەرێمی کوردستانی ڕەت کردووەتەوە، کە شوێنی سەرەکیی دامەزراندنی کۆمپانیاکەیە. کۆڕەک ئاماژەی بەوەش داوە کە هەموو ڕێکارە یاساییەکانیان گرتووەتە بەر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، بەڵام دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندن بەئەنقەست نووسراوە فەرمییەکانی حكوومەتی پشتگوێ خستووە و لە ڕێکەوتی دووی حوزەیرانی 2026 پەنای بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکە بردووە.

لە بەشێکی تری ڕاگەیەنراوەکەدا و لە وەڵامی ئەو تۆمەتانەی کە دەڵێن کۆڕەک بۆ جێبەجێکردنی گرێبەستەکە ڕژد نییە، کۆمپانیاکە ڕوونی دەکاتەوە کە ئەوە پێچەوانەی ڕاستییەکانە و پێوەندییەکانیان تاوەکو 31ی ئایاری 2026 بەردەوام بووە. تەنانەت دوای پشووەکانی جەژنی قوربان، شاندێکی باڵای کۆمپانیا چوونەتە بەغدا بۆ بینینی سەرۆکی دەزگەی جێبەجێکار، بەڵام ناوبراو خۆی دزیوەتەوە.

کۆڕەک تیلیکۆم هۆشداریش دەدات کە ئەم جۆرە بڕیارانە دەبنە هۆی لەناوبردنی سەرچاوەکانی داهاتی گەنجینەی گشتی و زیانگەیاندن بە ملیۆنان بەشداربوو و کەرتی گەیاندن بەگشتی. لە کۆتاییدا دڵنیایی دەداتە بەشداربووانی کە لەپێناو پاراستنی مافەکانیان، پەنا بۆ هەموو ڕێکارە یاساییەکان لە دادگا ناوخۆیی و دەستوورییەکان دەبات.


وشە - پۆڵا مەحموود