هۆشداریی لەبارەی هاككردنێكی نوێ‌ لە هەرێمی كوردستان دەدرێت

:: AM:09:25:04/06/2026 ‌
بەرپرسێكی هەولێر رای دەگەیەنێت، شێوازێكی نوێی هاككردن دەستی پێ‌ كردووە، ئەمەیش بووەتە كێشە بۆ زۆر لە هاووڵاتییان، بۆیە داوایان لێ‌ دەكەین هۆشیار بن لەبارەی ئەو بابەتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم چواری حوزەیران، سەفین تاهیر بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان و خێزان هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، ئێستە نامەیەك بۆ خەڵك دەچێت و تێدا نووسراوە "كارتەكەت بلۆك كراوە".

زیاتر گوتی، ئەمە ئەو نامە یان پێوەندییە تەلەفۆنییە ساختەیە كە هاككەرەكان بەناوی بانكەوە بۆتی دەنێرن، بۆ ئەوەی بتخەنە داوی خۆیانەوە، بۆیە پێویستە هۆشیار بن.

دەشڵێت، لەم شێوازە نوێیەی هاككردندا، بە بیانووی "چارەسەركردنی كێشەی تەكنیكی" یان "نوێكردنەوەی زانیارییەكان"، داوات لێ دەكەن وێنەی كارتەكەت و ئەو كۆدە نهێنییەی (OTP) كە بە نامە بۆت دێت بۆیان بنێریتەوە.

 روونی كردەوە، بۆ ئەم هاككردنە لە بیرت بێت كە بانك هەرگیز داوای كۆدی نهێنی و زانیاری تایبەتت لێ ناكات، بۆیە پێویستە ئاگاداربن هاوبەشكردنی ئەم زانیارییانە واتا ڕادەستكردنی تەواوی پارە و ئەكاونتەكەت بە هاككەرەكان.



وشە - رامیار جەواد