مەسروور بارزانی: دەمانەوێ كێشەكانمان لەگەڵ بەغدا بەتەواوی چارەسەر بكەین

:: PM:12:59:04/06/2026 ‌
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای دەگەیەنێت، لە دواین كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی حكوومەت، لەسەر زۆربەی بابەتەكان گفتوگۆ كراوە و دەمانەوێ كێشەكانمان لەگەڵ بەغدا بەتەواوی چارەسەر بكەین.

ئەمڕۆ پێنجشەم چواری حوزەیران، مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا رای گەیاند، سەردانمان بۆ بەغدا تەنیا هەوڵێك نەبووە بۆ ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكان، بەڵكو دەمانەوێ كێشەكانمان لەگەڵ بەغدا بەتەواوی چارەسەر بكەین.

سەرۆك وەزیران گوتی، ئێمە هەوڵمان دا هاوكاریی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق بكەین لە بەڕێوەبردنی وڵات بەشێوەیەكی سەركەوتووانە.

باسی لەوەش كرد، ئێستە كارمان كردووە هاوئاهەنگیی نێوانمان زیاتر بكەین لە بواری گواستنەوەی وزە لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ پارێزگاكانی تری عێراق.

ئاماژەی بەوەش دا، داواكەی سەرۆك بارزانی وەك مەرجەعی باڵای كوردستان لە جێگەی خۆیەتی، وەك حكوومەت و وەك پارتی هەنگاومان ناوە بەپێی قسەكانیان بڕۆین، پێمان باشە ئەو چەقبەستووییە سیاسییەی ئێستە هەیە لە هەرێمی كوردستان كۆتایی بێت، لێدوان و قسەی نابەرپرسانەی هەندێك كەس و لایەن كۆتایی بێت، لایەنەكان ئاقڵانەتر هەنگاو بنێن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ كۆتاهێنان بەم دۆخە.

سەرۆكی حكوومەت لە بەشێكی قسەكانی گوتی، هەوڵێكی رژد هەبووە پێشتر ئابووری هەرێمی كوردستان لاواز بكرێت، بەڵام ئێمە هەوڵمان داوە هەموو ئەو بابەتانە لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ بە گفتوگۆ چارەسەر بكرێت، لەبارەی پێڕەوكردنی سیستمی ئەسیكۆداش لە دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان بەردەوامین، كۆبوونەوە و دانوستان بۆ ئەو مەبەستەش شاندێك سەردانی بەغدا دەكات.

لە كۆتایی قسەكانیدا رای گەیاند، ئومێدم زۆرە لەگەڵ حكوومەتی ئێستە عێراق بگەینە ڕێككەوتن تا بابەتی بازرگانی بە تەواوی چارەسەر بكەین. 



وشە - رامیار جەواد