شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی، نوێترین پێشبینییەکانی بۆ وەرزی داهاتووی دابارینی 2026-2027 بڵاوکردەوە و ئاماژە بە ئەگەری ڕوودانی گۆڕانکارییەکی مێژوویی و دەگمەن دەدات. لەم پێشبینییانەدا، پرسیارێک سەرهەڵدەدات کە ئایا وەرزی بارانبارینی ساڵێکی لانینای زۆر باش (وەک 2025-2026)، دەکرێت لەلایەن ساڵێکی ئێڵ نینۆوە ڕیکۆردەکەی بشکێنرێت؟
وەڵامەکە بە "بەڵێ"یەکی متمانەپێکراو دەدرێتەوە، بەتایبەتی کاتێک باس لە "سۆپەر ئێڵ نینۆ" دەکرێت. ئەمە تەنها وەرزێکی باراناوی ئاسایی نابێت، بەڵکو دەکرێت ببێتە هۆی دروستبوونی لافاو و بارانی مێژوویی لەسەر حەوزی دەریای ناوەڕاست، دەریای سوور، عێراق و هەرێمی کوردستان.
هۆکارەکانی ئەم ئەگەرە:
پاشخانی سروشتی تێرئاو: دوای وەرزی پڕبارانی 2025-2026 (کە ساڵێکی لانینای نمونەیی بوو)، خاک تێرئاو دەبێت و ئاستی ئاوی ژێرزەوی بەرز دەبێتەوە. ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەهێزبوونی کرداری هەڵمینی ناوخۆیی و پاڵپشتیکردنی هەر سیستمێکی دابەزین کە ڕوو لە ناوچەکە دەکات.
سەرهەڵدانی سۆپەر ئێڵ نینۆ: کاتێک تێکڕای گەرمی ئاوی زەریای هێمن دوو پلەی سیلیزی یان زیاتر بەرز دەبێتەوە، هاوسەنگی با و پەستان لە جیهاندا تێکدەچێت و ڕێڕەوی تەوژمە خێراکان لە بەرژەوەندی ناوچەکەمان دەگۆڕێن.
شێی زەبەلاح و تێکەڵبوونی سیستمەکان: سۆپەر ئێڵ نینۆ دەبێتە هۆی "تەقینەوەی گەرمی و شێ" لە زەریای هیندی و دەریای سوور و عەرەبی. کاتێک ئەم شێ زەبەلاحە بەرەو باکوور هەڵدەکشێت و لەگەڵ نزمەپاڵەپەستۆ ساردەکانی دەریای ناوەڕاست یان جەمسەری باکوور تێکەڵ دەبێت، مەترسیدارترین جۆری ناسەقامگیری کەشوهەوا دروست دەکات کە دەکرێت بڕی بارانی چەند مانگێک هاوتای تەواوی وەرزی ساڵانی تر بێت.
پێشبینییە جیهانییەکان:
مۆدێلە جیهانییەکان پشتڕاستی دەکەنەوە کە سۆپەر ئێڵ نینۆ لە وەرزی 2026-2027 ڕوودەدات. هاوکات، زەریای هیندی لە دۆخی ئەرێنی (IOD Positive) دەبێت و پێشبینی دەکرێت زەریای ئەتڵەسی و جەمسەری باکووریش لە دۆخێکی سارد و گونجاودا بمێننەوە کە بەتەواوی لە بەرژەوەندی ڕێژەی داباریندان لە ناوچەکەمان.
ئەنجام:
ئەگەر ئەم گۆڕانکارییانە وەک خۆیان بمێننەوە، وەرزی دابارینی 2026-2027 دەبێتە وەرزێکی مێژوویی کە هەموو پێشبینی و ڕیکۆردەکانی پێش خۆی دەشکێنێت، تەنانەت ڕیکۆردی ساڵانی پڕبارانی وەک 2018-2019 و 2025-2026. شاڵاو هیدایەت ئاماژە بەوە دەکات کە وردەکاری زیاتر بۆ کاتی نزیکبوونەوەی وەرزی دابارین دەخرێتەڕوو.