نێچیرڤان بارزانی پەیامێکی بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی ژینگەوە بڵاو کردەوە

:: AM:10:41:05/06/2026 ‌
ئەمڕۆ هەینی پێنجی حوزەیرانی 2026، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی ژینگەوە، سڵاو و پێزانینی ئاراستەی سەرجەم ژینگەپارێزان، ڕێکخراوەکان و لایەنە پێوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان کرد کە دڵسۆزانە بۆ پاراستنی سروشت و ژینگەی جوانی وڵاتەکەمان کار دەکەن.

لە پەیامەکەدا هاتووە کە پاراستنی ژینگە و ڕووبەڕووبوونەوەی لێکەوتەکانی گۆڕانی ئاووهەوا، تەنیا ئەرکێکی حكوومی نییە، بەڵکوو بەرپرسیارێتییەکی گەورەی نیشتمانی و مرۆییی هاوبەشە. هەروەها ئاماژەی بەوە داوە کە ئەرکی هەمووانە لە ناوەندەکانی پەروەردە، خێزان، میدیا و دامەزراوەکان، پێکەوە کار بۆ بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیریی ژینگەپارێزی و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی سەر سروشتی وڵاتەکەمان بکەن.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە پابەندی هاوکاری و کارکردنی هاوبەشە لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵیی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست لەپێناو پاراستنی سەرچاوە سروشتییەکان و مسۆگەرکردنی ژینگەیەکی تەندروست و داهاتوویەکی باشتر بۆ نەوەکانی داهاتوو. لە کۆتاییشدا ڕۆژی جیهانیی ژینگەی لە هەمووان پیرۆز کرد.


وشە - پۆڵا مەحموود