دەستەی داكۆیكردن لە سروشت و موڵكی سلێمانی رای دەگەیەنن، پێشێلكارییەكان دژ بە زنجیرە بەرزاییەكانی گۆێژە و ئەزمڕ و سەرچنار و تێكڕای ناوچە گەشتیاری و پارێزراوەكان، هەر بەردەوامن و تێكدانی ژینگەكەی هەر درێژەی هەیە لەلایەن كۆمپانیا و دەسەڵاتدارانی ئەم ناوچەیە، لە ڕێگەی بیناسازی و بازرگانیكردن لەسەر سەرچاوە ژینگەییەكان و ناوچە سەوزاییەكان.
ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە ئێستە بە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە دوای زستانێكی تەڕ و پڕ باران، گیایەكی زۆر هەستاوە لە ناوچەكەدا كە لە هەركاتێكدا بێت ڕەنگە دووچاری ئاگركەوتنەوە بێت، "ئێمە لە ساڵانی ڕابردوودا گومانێكی زۆرمان هەبووە لە سەرچاوەی ئاگرەكان، یان لەبەر هۆكاری پشتگوێخستن بووبێت یان بە ئەنقەست و لە پێناو خاپووركردنی بەرزاییەكاندا بووبێت".
دەستەكە داوا دەكەن كە ئاگربڕ دروست بكرێت و گیا بدوورێتەوە لە ڕێگەی مەكینە و كەرەستەی پیشەسازی نەك دەرمانی گیاقڕكردن، چونكە زۆرینەی دەرمانە گیاقڕییەكان مەترسیی تەندروستییان هەیە بۆ ژینگە، بڵاوبوونەوە و تەشەنەكردنی نەخۆشییە درێژخایانەكان و لەناوبردنی فرە زیندەیی لە سروشتی ناوچەكەدا.
هەروەها داوا دەكەن كە سزا دیاری بكرێت لە فڕێدانی پاشماوە و تێكدانی ژینگە و بڕینەوەی دار و لەناوبردنی سەوزایی و گیانلەبەران، بە بێ چاوپۆشی لە كۆمپانیا و دۆستایەتی، لەسەر بنەمای رێزگرتن بێت لە سروشت.
باس لەوە كراوە كە هیچ پاساوێك نابێت ئەگەر ئاگر بكەوێتەوەو بڵێن بەسەرمان تێپەڕی، كارەساتی گەورە دروست بن و بڵێن چاوەڕوانكراو نەبووە، یان شارەكان پڕ بن لە شەخەڵ و بڵێن خەڵك هۆشیار نییە، چونكە بە درێژایی ساڵانی رابردوو ئەزموون هەبووە.