شووتی هەرزان بوو

:: PM:05:44:06/06/2026 ‌
ئەمڕۆ بەهۆی پێگەیشتنی شووتیی هەولێر و چەندان ناوچەی تری كوردستان، نرخی شووتی لە بازاڕەكاندا هەرزان بوو لە كاتێكدا چەند ڕۆژی رابردوو نرخی كیلۆیەك شووتی گەیشتبووە هەزار دینار. 

ئەمڕۆ شەموو شەشی حوزەیران، محەمەد عەزیز كە كاری فرۆشتنی شووتی لە عەلوەی هەولێر دەكات، بۆ "وشە" قسەی كردووە و گوتى، شووتی ئێستە هەمووی عێراقییە و لە عوزێمەوە زیاتر دێت و هەمووی نوێیە، بەڵام شووتیی ئێرانی كۆن دەبێت. 

روونیشی كردەوە كە ئەمڕۆ رۆژی شووتی بوو، چونكە ئەمڕۆ شووتیی هەولێریش هاتە بازاڕ و ئەوەیش هۆكار بوو كە نرخەكەی ببێتە 500 دینار لەلایەن بەقاڵەكان. 

ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، رۆژانە دەیان تۆن شووتی دێنە بازاڕەكان و ئەمڕۆیش هاتنی شووتی بە تەواوی زیاد بووە. 

شووتی یەكێكە لە بەرهەمە هاوینییەكان كە خواستی زۆری لەسەرە، بەڵام ئەوەی زیاتر خەڵكی بەلایدا دەچن، شووتیی شارەزوور و هەولێرە كە تام ورەنگێكی جیاوازی هەیە.


وشە - وشه‌