وەڵامێکی توندی بافڵ تاڵەبانی دەدرێتەوە لەبارەی ئەوەی ئەمڕۆ گوتبووی، هۆکاری پێکنەهێنانی حکوومەت پارتییە و سەرچاوەیەک دەڵێ، پارتیش نایەوێ حکوومەتی نوێ لە کابینەکانی پێشووتر بچێت کاتێک یەکێتی پێیەکی لەناو حکوومەت بوو، بەڵام لە ناوخۆی کوردستان و لە بەغدا و هەموو شوێنێک دژی هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ شەموو شەشی حوزەیران، شوکری بەلیتی چاودێری سیاسیی بۆ "وشە" گوتی، هۆکاری پێکنەهێنانی کابینەی نوێی هەرێم ئەوەیە، بافڵ دەیەوێ هیچ حیسابێک بۆ دەنگی خەڵک و ئەنجامی هەڵبژاردن نەکرێت و کوردستان بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی فیفتی فیفتی کە ئەمەش گەورەترین سووکایەتییە بە ڕا و دەنگی هاووڵاتییانی کوردستان.
هەمان سەرچاوە پێی وایە کە پارتیش نایەوێ حکوومەتی نوێ لە کابینەکانی پێشووتر بچێت کاتێک یەکێتی پێیەکی لەناو حکوومەت بوو، بەڵام لە ناوخۆی کوردستان و لە بەغدا و هەموو شوێنێک دژی هەرێمی کوردستان پیلانگێڕی دەکرد و بە داهاتی دزراوی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی کاری چەتەگەری ئەنجام دەدا و میلیشیای جۆراوجۆری دروست دەکرد و ترس و تۆقاندنی بڵاودەکردەوە و تەنانەت دەستی لە ئامۆزاکانیشی نەپاراست.
ئەوە لە کاتێکدایە کە بافڵ دەیەوێ بیانووی زیاتر بۆ پێکنەهێنانی حکوومەت بێنێتەوە و زیاتر کوردستان لاواز بکات، بەڵام پێدەچێ ئەوەی لێ قبووڵ نەکرێ.