پێشەوا هەورامانی: مەسروور بارزانی حەز بە ڕێککەوتن دەکات بەڵام دژی چەتەگەرییە

:: PM:11:40:06/06/2026 ‌
ئەمشەو شەموو شەشەی حوزەیرانی 2026، پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، لە وتارێکدا بە ناونیشانی "کاک مەسروور ئامادەیە بۆ ڕێککەوتن بەڵام!!!" تیشک دەخاتە سەر کەسایەتی و شێوازی کارکردنی مەسروور بارزانی سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستان.

لە دەستپێکی نووسینەکەدا، هەورامانی ئاماژە بە ڕووداوێک دەکات و دەڵێت، جارێک بە کاک مەسروورم گوت ئەگەر فڵان بابەت چارەسەر بکرێت، سوودی دەبێت لە هەڵبژاردندا. ئەویش لە وەڵامدا گوتی، تۆ بەڕژدییەتی داوای چارەسەری شتێک دەکەیت کە بە قاچاخ داخڵی سنوورەکان کراوە؟ قەت شتی وا باس مەکەن کە دەزانن لەگەڵ بنەماکانی ئێمە یەک ناگرێتەوە، هەتا ئەگەر هەزاران دەنگیشی پێ بەدەست بێت. ئێمە بە ڕێگەی ڕاست و خزمەت و پڕۆژە دەنگ کۆ دەکەینەوە نەک شتی تر، ئەی چۆن جیاواز بین لە خەڵکی تر.

لە بەشێکی تری نووسینەکەیدا، گوتەبێژی حكوومەت باسی لە نزیکەوە ناسینی سەرۆکی حكوومەت دەکات و دەڵێت "کاک مەسروور لە نزیکەوە پیاوێکی زۆر ئارام و میهرەبانە، هەمیشە بە بەرپرسەکان دەڵێت ڕێزی خەڵک بگرن، لەگەڵ خەڵک باش بن، خەڵک نەبێت ئێوە کێن؟" ئاماژە بەوەش دەکات کە لە ماوەی کابینەکەیدا، بەبێ قسە و باس، ژمارە و داتا پێمان دەڵێن چی کردووە و چۆن هەرێمی بردووەتە قۆناغێکی تر، و خەڵکیش لە هەموو شوێنێک ئەم شایەتییە دەدەن.

سەبارەت بە پرسی ڕێککەوتنی سیاسی، هەورامانی ڕوونی دەکاتەوە، کاک مەسروور حەزی بە ڕێککەوتن و دانوستانە و دەرگای کراوەیە بۆ چارەسەر، بەڵام توندە لەگەڵ ئەوانەی بە ڕۆژی ڕووناک خەڵک تیرۆر دەکەن، سیاسی زیندانی دەکەن، ڕۆژنامەنووس دەکوژن و ئازاری سەرۆک حزب دەدەن. کاک مەسروور دژی قاچاخچێتی و کارگەی مادەی هۆشبەرە، دەیەوێت داهاتی شارەکان بۆ خۆیان بێت و بۆ خزمەتی خەڵک بێت.

هەروەها باس لە تێڕوانینی سەرۆکی حكوومەت بۆ ڕۆڵی پێشمەرگە دەکات، دەیەوێت پێشمەرگە لەبری ئاگرباراندن بەسەر خەڵک و پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە زیندانەکان، خزمەتکار و پارێزەر بێت وەک هەمیشە. دووپاتیشی دەکاتەوە کە مەسروور بارزانی دەستی هاوکاری درێژە بۆ ئەوانەی لە خەمی نیشتماندان و باوەش بۆ گەلەکەیان دەکەنەوە.

لە کۆتاییدا پێشەوا هەورامانی دەنووسێت، کورد گوتەنی هەزار قسە بەقوربانی کردارێک بن. کاک مەسروور خۆی پیاوێکی بێدەنگ و ئارامە و حەزی بە هەرا نییە بۆ ئەوەی کردوویەتی وەک ئەرکی سەرشانی، بەڵام کردارەکانی دەنگ و سەدایان لە گوێی هەموو خەڵکی کوردستاندایە.


وشە - پۆڵا مەحموود