ئێستە جۆرە پیازێك لە بازاڕەكاندایە بەوە ناسراوە توێكڵەكەی بە ئاسانی توێكڵەكەی لێ دەبێتەوە و كڕیاری زۆری هەیە، ئەندامێكی ئەنجوومەنی عەلوەش دەڵێت ئەوە بەرهەمی خۆمانە.
ئەمڕۆ یەكشەم حەوتی حوزەیران، دانا عەزیز ئەندامی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، جۆرە پیازێك لە بازاڕدا هەیە ئێستە خواستی زۆری لەسەرە، ئەویش ئەوەیە كە توێكڵەكەی ئاسان لێ دەبێتەوە.
زیاتر گوتی، ئەو پیازە چاویش نابرژێنێتەوە و خواستێكی زۆری هاووڵاتیشی لەسەرە، نرخیشی زۆر هەرزانە و ئێستە هاووڵاتییان ئەو پیازەیان زۆر بە دڵە.
دەشڵێت، پیازی خۆمانە پێگەیشتووە و تەواوی خواستی هاووڵاتییان پڕ دەكاتەوە، ئەوەی ئێستە لە عەلوەی هەولێر هەیە 95%ـی خۆمانەیە.
قەبارەی بەرهەمهێنانی ساڵانەی پیاز لە هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە ئاستی خۆبژێوی، ڕۆژانە تەنیا لە وەرزی پێگەیشتندا بڕی زیاتر لە 2,000 تۆن پیاز دەگاتە عەلوە سەرەكییەكان، بەرهەمی گشتیی ساڵانە بە دەیان هەزار تۆن دەخەمڵێنرێت كە تەواوی پێداویستی ناوخۆیی هەرێم دابین دەكات، بەشێكی زۆریشی وەك زێدەبەرهەم ڕەوانەی ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەكرێت.
ئاستی گەیشتن بە بازاڕ لە وەرزی لێكردنەوە و پێگەیشتندا (كە لە سەرەتای مانگی ئایارەوە تا تشرینی دووەم دەخایەنێت)، تەنیا عەلوەی هەولێر ڕۆژانە پێشوازی لە زیاتر لە 2,000 تۆن پیازی خۆماڵی دەكات.