بەناو چالاك و نووسەرەكانی سلێمانی بەرانبەر تاوان و چەتەگەرییەكانی یەكێتی بێدەنگن

:: PM:06:08:07/06/2026 ‌
لە كاتێكدا رۆژ دوای رۆژ چەتەگەرێتی و دزینی داهاتی ناوچەکە روو لە زیادبوونەوە و خزمەتگوزارییە گشتییەكان روو لە كەمبوونەوە دەكەن بەهۆی ئەو دزییانەوە، بەڵام ئەوانەی پێشتر خۆپێشاندانیان دەكرد و خۆیان وەك چالاك و نووسەر دەناساند ئێستە بێدەنگیان هەڵبژاردووە. 

لە ماوەی رابردوودا، ئەو كۆمەڵە چالاك و نووسەرانە هەر رەخنە و كەموكوڕییەك لە هەولێر هەبووایە، بە ئارەزووی خۆیان ئاراستەیان دەكرد و رەخنەیان دەگرد، لەسەر گرتنی رۆژنامەنووس و یان پێشێلكاری ناو زیندانەكان و ئەتككردنی زیندانی كراوان بەرانبەر یەكێتی نوقەیان لێ‌ نایەت.

تەنیا لەماوەیەكی كەمدا، چەندان نهێنی و پێشێلكاری لە سلێمانی ئاشكرا بوون كە بافڵ تاڵەبانی سەردەستەی كردەوەكان بوو، بەڵام ئەو بەناو چالاكانە هەر نوقەیان لێ‌ نەهات. 

لە پیاوەتی خستنی حەمەڕەش، حیساب بۆ نەكردنی یاسا، پەكخستنی خزمەتگوزارییەكان و دامەزراوەكانی حكوومەت كاری یەكێتی بووە. 

هەندێك لەو نووسەر و بەناو چالاكانە، ئێستە لەبری ئەوەی لەسەر خەڵكی شارەكە بێنە دەنگ، دژی ئەوانە دێنە دەنگ كە رەخنە لە یەكێتی دەگرن بەهۆی ئەو دۆخەی كە لە سلێمانی دروستی كردووە. 

دوایین جار عەزیز رەئووف نووسەری كورد بوو كە بەر لێشاوی ئەو نووسەرە مووچەخۆر و بەناو چالاكانە كەوت كاتێك نووسی، كێ دژی سلێمانییە و كێ بەرگری لێ دەكات؟

عەزیز ڕەئووف ئەو كاتە دووپاتی لەوە كردبووەوە، بەڵێ سلێمانی ئەتككرا "من لە نوسینێكدا وام نووسی ئەم گوزارشتە بۆ خەڵكی سلێمانی نییە، بەڵكو بۆ ئەو دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن و چالاكوان و پاتاڵانەیە كە بە دەنگی سلێمانی بوون بە خاوەنی سەروەت و سامان و ئیستەش ڕەخنە لە من دەگرن كە گوایە من هێرش دەكەمە سەر سلێمانی".

"من لە ناو دڵی سلێمانیدام و ئەم شارەم جێ نەهێشتووە و بەتەماش نیم جییبهێڵم و بەردەوام بەرگری لە سلێمانی و كۆی شارەكانی تری كوردستان دەكەم. بەڵام با قسەیەك بكەین و بزانین كێ شاری ئەتك كرد" عەزیز رەئووف وای نووسیبوو.


وشە - وشه‌