سكرتێری پێشووی پەرلەمان: هیچ لایەنێك گلەیی لە پێكهێنانی كابینەی نۆ نەبووە

:: AM:09:16:08/06/2026 ‌
پەرلەمانتارێكی كوردستان رای دەگەیەنێت، دوای پێكهێنانی حكوومەت هیچ لایەنێك گلەیی لەسەر شێوازی پێكهێنانی حكوومەت نەبوو.

ئەمڕۆ دووشەم هەشتی حوزەیران، مونا قاوەچی سكرتێری پێشووی پەرلەمانی كوردستان و ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، بە "وشە"ـی راگەیاند، ئەزموونی كابینەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەلماندی كە حكوومەتێكی بنكەفراوان و هاوبەش، دەتوانێت ژینگەیەكی گونجاو بۆ بڕیارە گرنگەكان دابین بكات.

زیاتر گوتی، تا ئێستەیش هیچ لایەنێكی سیاسی بەشێوەیەكی ڕوون گلەیی لە شێوازی پێكهێنان و كاركردنی ئەو كابینەیە نەكردووە.

مونا قاوەچی تیشكی خستووەتە سەر گرنگترین دەستكەوتەكانی ئەو قۆناغە و ڕای گەیاندووە، پەسندكردنی یاسای چاكسازی هەنگاوێكی گرنگ بوو بۆ نوێكردنەوەی دامەزراوەكان و بەرزكردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەكان لە هەرێمی كوردستاندا.

باسی لەوەش كرد، جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی چارەسەری كێشەی كەمیی ئاو و كارەبا، دروستكردنی ڕێگەوبان و ئەلیكترۆنیكردنی زۆربەی خزمەتگوزارییەكانی، هەموویان لە پێناو ئاسانكاری و خزمەتكردنی باشتر بە هاووڵاتییان ئەنجام دراون.

ڕوونی كردەوە، یەكڕیزی و هاوكاریی نێوان هێزە سیاسییەكان، باشترین ڕێگەیە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی، ئێستە كاتی ئەوەیە بە هەستكردن بە بەرپرسیارێتی و ڕاستگۆیی لەگەڵ گەل پەرە بە هەرێمی كوردستان بدرێت، چونكە مێژوو ناوی ئەوانە دەنووسێتەوە كە بەرژەوەندیی نیشتمانیان خستووەتە پێش هەموو شتێكەوە.


وشە - رامیار جەواد