وەزارەتی پەروەردە، ژمارەیەك ڕێنوێنیی تایبەت بە پرۆسەی تاقیكردنەوەكانی نیشتمانیی پۆلی 9ـی بنەڕەتی و 12ـی ئامادەیی بڵاو كردەوە.
ئەمڕۆ دووشەم هەشتی حوزەیران، وەزارەتی پەروەردە ژمارەیەك ڕێنوێنیی تایبەت بە پرۆسەی تاقیكردنەوەكانی نیشتمانیی پۆلی 9ـی بنەڕەتی و 12ـی ئامادەیی بڵاو كردەوە.
بەپێی بڕیاری وەزارەتەكە ڕای گەیاند، سەرپەرشتیار، بەڕێوەبەر و چاودێری هۆڵەكان بەهیچ جۆرێك نابێت مۆبایل ببەنە هۆڵەكانی تاقیكردنەوە.
دەشڵێت، دەبێت مامۆستای چاودێر و بەڕێوەبەری هۆڵ و یاریدەدەر، دڵنیا بنەوە كە پرسیارەكان و پەڕەی سۆما هەردووكی لە خوێندكار وەرگیراوەتەوە، بەپێچەوانەوە نمرەی بۆ ئەژمار ناكرێت.
وەزارەتی پەروەردە ڕاشی گەیاند، دەبێت پشكنین بۆ خوێندكاران ئەنجام بدرێت پێش چوونەژوورەوە بۆ هۆڵی تاقیكردنەوە، هەموو جۆرە ئامێرێكی ئەلیكترۆنی، زیرەك، كاتژمێری زیرەك و مۆبایل ڕێگەپێنەدراوە.