زانا مەلا خالید: تەنیا ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەت سەنگی مەحەكە

:: PM:02:25:08/06/2026 ‌
بەرپرسی لقی دووی پارتی لە هەولێر ئاماژە بەوە دەكات، هێشتا وادەیەك بۆ دانیشتنی نێوان پارتی و یەكێتی دیاری نەكراوە و دووپات دەكاتەوە، دەبێت ئەنجامی هەڵبژاردن بنەمای سەرەكی بێت بۆ پێكهێنانی كابینەی داهاتوو.

زانا مەلا خالید بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ رۆژنامەنووسان گوتی، سەرەڕای هەوڵەكان بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان، بەڵام تا ئێستە هیچ وادەیەكی فەرمی و دیاریكراو بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەی نێوان هەردوو لایەنی سەرەكی (پارتی و یەكێتی) بوونی نییە و كاتەكە بە نادیاری ماوەتەوە.

دووپاتی لەوە كردەوە، تەنیا ئەنجامی هەڵبژاردنەكان "سەنگی مەحەكە" بۆ ئەوەی حكوومەتی نوێی هەرێمی كوردستانی لەسەر بنیات بنرێت. 

بەرپرسی لقی دووی پارتی ئاماژەی بەوە كرد، بوونی جیاوازیی بۆچوون لە ناو هێز و لایەنە سیاسییەكاندا دۆخێكی ئاساییە و لە هەموو پرۆسەیەكی دیموكراسیدا بوونی هەیە، بەڵام هیواخوازە سەرجەم لایەنە سیاسییەكان خاوەن ئامانجێكی نیشتمانیی هاوبەش بن، كار بكەن بۆ ئەوەی بەرژەوەندییە گشتییەكانی هەرێمی كوردستان بخەنە سەرووی بەرژەوەندییە حزبییەكانەوە.

لە كۆتایی قسەكانیدا زانا مەلا خالید دووپاتی كردەوە، پارتی دیموكراتی كوردستان وەك خۆی پابەندی جێبەجێكردنی پەیامەكەی سەرۆك بارزانی دەبێت.

سەرۆك بارزانی بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە پەیامێكی ئاراستەی لایەنەكان كرد بۆ كۆبوونەوە و لێكنزیكبوونەوە و تێپەڕاندنی خاڵە ناكۆكەكان، بە مەبەستی كۆتاهێنان بەو چەقبەستووییە سیاسییەی كە ماوەیەكە هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە.






وشە - سۆران عەزیز