فەرهاد ئەترووشی: مووچە هێڵی سوورە

:: AM:09:49:09/06/2026 ‌
جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، وەڵامی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دەداتەوە و رای دەگەیەنێت، مووچە هێڵی سوورە.

ئەمڕۆ سێشەم نۆی حوزەیران، نووسینگەی راگەیاندنی فەرهاد ئەترووشی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت،  بە سەرسوڕمانەوە بەدواداچوونی بۆ راگەیەنراوەكەی جێگری یەكەم كردووە، لەبارەی داواكاری راگرتنی ناردنی پارە بۆ هەرێمی كوردستانی عێراق و بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.

لە بەیاننامەیەكەی فەرهاد ئەترووشیدا هاتووە، مووچەی فەرمانبەران هێڵی سوورە و كارتێك نییە بۆ كەرتكردن و فشاری سیاسی، هەوڵدان بۆ بەستنەوەی بژێوی و شایستەییەكانی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بە ناكۆكییەكانی ژمێریاری یان داهاتی نانەوتییەوە، بەشێوەیەكی ئاشكرا دژایەتی بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی دەكات.

راشی گەیاندووە، مووچە مافی دەستووری و بژێوی ژیانە و ناتوانرێت بە بارمتە بگیرێ بە هیچ رێوشوێنێكی سزادان یان یەكلاكردنەوە و پاكتاوكردنی بەرانبەر. 

ئاماژەی بەوەش داوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان رۆژێك لە رۆژان خۆی لە پابەندبوونەكانی نەدزیوەتەوە، بەردەوام 120 ملیار دیناری رادەستی حكوومەتی فیدراڵی كردووە، تەنیا دوو مانگ لەمەوبەر داهاتەكانی گەیشتە نێوان 40 بۆ 50 ملیار دینار، ئەمەش داهاتی راستەقینەی بەدەستهاتووە، نەك ئەنجامی كەمتەرخەمی.

دووپاتیشی كردووە، هەڕەشەكردن لە حكوومەتی فیدراڵی بە لێپرسینەوەی یاسایی بەهۆی پێدانی مووچەی هاووڵاتییانی عێراق بە سیاسیكردنی روونی یاساكانە، ئەوانەی خەون بە دووبارە بەرهەمهێنانەوەی ئەو ناوەندگەراییە قێزەونە دەبینن كە پێشێلی دەستوور و رێككەوتنە سیاسییەكان و بناغەكانی پرۆسەی سیاسی و شەراكەتی نیشتمانی دەكات لە دوای رووخانی رژێمی دیكتاتۆری ناوەندی گۆڕ بەگۆڕ، بەدی نەهاتووە و بەدی نایەت.


وشە - رامیار جەواد