سیستمی پێشكەوتووی بازنەیی ئاو بۆ چارەسەركردنی ئاوەڕۆ جێبەجێ دەكرێت

:: AM:11:06:09/06/2026 ‌
لە هەنگاوێكدا كە موژدەیەكی گەورەیە بۆ پاراستنی ژینگە و تەندروستیی هاووڵاتییان، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان، پلانی ستراتیجیی خۆی بۆ چارەسەركردن و ریسایكلكردنی ئاوی ئاوەڕۆی شارەكان راگەیاند، بەم هۆیەوە هەرێمی كوردستان دەچێتە ریزی ئەو وڵاتە پێشكەوتووانەی كە سیستمی بازنەیی بەكارهێنانی ئاو پێڕەو دەكەن.

ئەمڕۆ سێشەم نۆی حوزەیران، ئاری ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ـی راگەیاند، كوردستان پلانی ستراتیجیی خۆی بۆ چارەسەركردن و ریسایكلكردنی ئاوی ئاوەڕۆی شارەكان راگەیاند، بەم هۆیەوە هەرێمی كوردستان دەچێتە ریزی ئەو وڵاتە پێشكەوتووانەی كە سیستمی بازنەیی بەكارهێنانی ئاو پێڕەو دەكەن.

زیاتر گوتی، پلانەكانی ئێستە و داهاتووی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گۆڕینی ئاوی پاشەڕۆ و ئاوەڕۆی شارەكان، لە مەترسییەكی ژینگەییەوە بۆ سەرچاوەیەكی بەسوود لە رێگەی دروستكردنی پڕۆژەی تایبەت بە چارەسەركردن و ریسایكلكردنەوەی ئاو زۆر گرنگە.

باسی لەوەش كرد، حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئێستە كار لەسەر هەمان ئەو رێچكە و شێوازە دەكات كە وڵاتانی پێشكەوتووی دنیا لە بواری بەڕێوەبردنی ئاودا پێڕەوی دەكەن، جێبەجێكردنی ئەم سیستمە مۆدێرنە كە بە سیستمی بازنەیی ئاو ناسراوە، لە ماوەیەكی كورتدا گۆڕانكارییەكی گەورە و ئەرێنی دروست دەكات.

روونی كردەوە، كاریگەرییە راستەوخۆكانی ئەم ستراتیجییە نوێیە، بە روونی لە پاراستنی ژینگەی كوردستان و بەرزكردنەوەی ئاستی تەندروستیی كۆمەڵگەدا رەنگ دەداتەوە، هاوكات ئاوە ریسایكلكراوەكە دەبێتە هۆی بووژانەوەی كەرتی كشتوكاڵ، زیادكردنی رێژەی سەوزایی لە ناو شارەكاندا، لە هەمووشی گرنگتر، دەبێتە قەڵغانێكی بەهێز بۆ پاراستن و مانەوەی یەدەگی ئاوی ژێرزەوی كە بەهۆی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەواوە لە دنیادا رووبەڕووی مەترسی بووەتەوە.




وشە - رامیار جەواد