بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆ ببێتەوە، لە كۆبوونەوەكەدا كە تایبەتە بە گفتوگۆكردن لەسەر نەخشەڕێگەیەك، بۆ بەردەوامیدان بە دانوستان لەسەر دۆسیە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و كابینەی وەزاریی نوێی حكومەتی فیدراڵی، تاوتوێی سێ خاڵ دەكرێ.
ئەمرۆ چوارشەم 10ـی حوزەیران، ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرپەرشتیی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران كۆ دەبێتەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا كە تایبەتە بە گفتوگۆكردن لەسەر نەخشەڕێگەیەك بۆ بەردەوامیدان بە دانوستان لەسەر دۆسیە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكوومەتی هەرێم و كابینەی وەزاریی نوێی حكوومەتی فیدراڵی، تاوتوێی سێ خاڵ دەكرێ. ئەوانیش:
1- پێشنیاری هێنانەكایەی دەستەیەكی باڵای وەزاریی هاوئاهەنگیی هەمیشەیی، بە ئەندامێتیی وەزیر و بەرپرسانی پێوەندیداری هەردوو حكوومەت.
2- دوابەرهەم و ئەنجامەكانی پێوەست بە دۆسیەی نەوت لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵی و دەرئەنجامی دواكۆبوونەوەی هەردوولا.
3- بابەتی داهاتە ناوخۆییەكان و ئەسیكۆدا لە هەرێمی كوردستان، خستنەڕووی خشتەی داهاتەكان و كاریگەرییەكانی دۆخی ناوچەكە و یەكلانەكردنەوەی دۆسیەی ئەسیكۆدا و كاریگەریی لەسەر كەمبوونەوەی داهاتی ناوخۆ.