دەستەی مافی مرۆڤ: لالەزار هێندە جێگەی شەرمەزارییە؟

:: AM:11:19:10/06/2026 ‌
بەڕێوەبەری پێوەندییەكانی دەستەی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، كەناڵەكەی بافڵ تاڵەبانی ئەو بەشەی قسەكانیان بڕیوە كە پێوەندیی بە گیراوانی لالەزارەوە هەیە و بە سەرسوڕمانەوە دەپرسێت، ئاخۆ لالەزار هێندە جێگەی شەرمەزارییە بۆ ئەوان؟

سلێمان موحسین سندی بەڕێوەبەری پێوەندییەكانی دەستەی مافی مرۆڤ لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك)، نووسینێكی بە ناونیشانی (لالەزار ئەوەندە شەرمەزارییە بۆتان؟) بڵاو كردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە كرد، رەخنە لە كەناڵەكەی بافڵ تاڵەبانی (كەناڵ هەشت) دەگرێت لەبەرئەوەی لە كاتی بەشداربوونیدا لەگەڵیان، ”دەنگی منیان سانسۆر و دەستكاری كردووە."

ئەوەشی خستووەتە ڕوو: ”لەوێدا ئاماژەم بەوە كردبوو كە مەكتەبی سیاسیی یەكێتی پەیامێكیان هەبوو و داوایان لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كردبوو لیژنەیەك پێكبهێنن، بەدواداچوون بۆ كەیسی (ئاسۆ مەجید) بكەن، منیش گوتم ئەمە هەنگاوێكی باشە و هیوادارم بەردەوام بێت، بەڵام با تەنیا بۆ یەك كەیس نەبێت كە لە زۆنی خۆیاندا نەبێت. بۆ نموونە، دەبوو بۆ كەیسی (لالەزار) و كەیسی (موراد كانی كوردەیی)ـش هەمان پەیام و هەڵوێستیان هەبێت."

وەك ئەوەی ئاشكرا كردووە كە كەناڵەكەی بافڵ ”هاتوون بەشەكەی تایبەت بە لالەزاریان بڕیوە و لایانبردووە. ئاخر ئێوە چۆن ڕێگە بە خۆتان دەدەن ئاستی میدیایی خۆتان تا ئەم ئاستە دابەزێنن و دەستكاریی ڕای میوانەكانتان بكەن؟"

جێی باسە لالەزار تەنیا گوزارشت نییە لە كەیسێكی دیاریكراوی پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ، بەڵكو دەیان كەیسە، هەر لە بەكارهێنانی تانك و زرێپۆش بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەی كەسی و سەركوتكردنی ئۆپۆزسیۆنەوە بیگرە، تا سووتاندنی گەنج و لەپیاوەتیخستنی گیراو و ئەشكەنجەی دڕندانەی ناو گرتووخانەكان كە تا ئەم چركەیەشی لەگەڵدا بێت، یەكێتی بە فەرمی هیچ یەكێك لەو تۆمەتانەی ڕەت نەكردووەتەوە.


وشە - رامیار جەواد