لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستاندا، چەند پرسێكی تایبەت بە نەوت و داهاتی ناوخۆ گفتوگۆی لەسەر كرا و دووپات كرایەوە كە دەبێت هەناردەی نەوتی كوردستان زیاد بكرێت.
ئەنجوومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ، دووپاتی كردەوە لەسەر هەڵوێستی هەرێمی كوردستان لە پشتیوانیكردنی حكوومەتی نوێی فیدڕاڵ بە سەرۆكایەتی عەلی زەیدی بۆ بەرەنگاربوونەوە و چارەسەری ئەو ئاڵنگارییە داراییانەی كە ڕووبەڕووی عێراق بووەتەوە بەهۆی بارودۆخی ئەم دواییەی ناوچەكە.
ئەنجوومەنی وەزیرانـ وەزیری سامانە سروشتییەكان و شاندی دانوستانی ڕاسپارد كە ڕێكارەكان خێراتر بكەن تا هەرچی زووە لە ڕێگەی بۆری نەوتی هەرێمی كوردستانەوە، بەرزترین ئاستی هەناردەكردن بۆ بازاڕی جیهانی ئەنجام بدرێت و داهاتی بەدەستهاتووش بگەڕێتەوە بۆ گەنجینەی فیدڕاڵ
ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتیشی كردەوە كە ئەركی كۆمپانیا نەوتییەكانە، دوای دڵنیاییدانی حكوومەتی فیدڕاڵ بە پاراستنی ئاسایشیی كەرتی نەوت و وزەی هەرێم و قەرەبووكردنەوەی زیانی هەر هێرشێك بۆ سەر دامەزراوەكانی كەرتی وزەی هەرێم وەك سەرۆك وەزیرانی فیدڕاڵ دووپاتی لێ كردەوە، دەبێت كۆمپانیا نەوتییەكان لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، دەست بە زیادكردنی بەرهەمهێنانی نەوت و هەناردەكردنی بكەنەوە.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا، وەزیری دارایی و ئابووری، لە چوارچێوەی ڕاپۆرتێكدا ، وردەكاری داهاتە گشتییەكانی هەرێمی كوردستانی بۆ پێنج مانگی یەكەمی ساڵی 2026 بۆ ئەنجومەنی وەزیران خستەڕوو، كە بەراورد بە ساڵی 2025 دابەزینی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، وەك لە تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە ڕوونكراوەتەوە و لە لایەن تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵ و هەرێم وردبینی دەكرێت. بۆیە داوا لە حكوومەتی فیدڕاڵ كرا كە پێداچوونەوەی پێویست بكات بە بڕی 120 ملیار دیناری دیاریكراو وەك بەشی گەنجینەی فیدڕاڵ، چونكە بەهۆی جەنگ و بارودۆخی ئاڵۆزی ناوچەكە ویەكلایی نەبوونەوەی دۆسیەی ئەسیكۆدا، داهاتی مانگانەی هەرێم بە ڕێژەی زیاتر لە 70٪ دابەزیوە.