مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان لەكاتی كردنەوەی ناوەندی گەنجان لەسەر ئاستی دنیا، گوتارێكی پێشكەش كرد و رای گەیاند، خۆشحاڵم ناوەندێكی وا دروست بووە و گەنجان بۆ داهێنان كۆ دەكاتەوە.
سەرۆك وەزیرانی كوردستان گوتی، ئەوە دروستكردنی پێوەندییەكی تەندروستە لە نێوان گەنجەكانی ئەم كۆمەڵگەیە، ئەمڕۆ زۆر خۆشحاڵ بووم كۆمەڵێك گەنج لێرە بەرهەمەكانی خۆیان پێشاندا.
زیاتر گوتی، وڵاتی خۆمان شوێنی گەنجەكانمانە و ئەو ناوەندە دەتوانێ هاوكاریان بێت بۆ ئەوەی وڵاتی خۆیان خۆش بوێت و ئاشنابن بە كولتووری خۆمان و دنیا.
مەسروور بارزانی داوای كرد كە گەنجان جلوبەرگی كوردی لەبەر بكەن و خۆیان لە كولتووری كوردی بە دوور نەگرن، پێویستە بگەڕێنەوە بۆ پێوەندی لەگەڵ مێژوو و بەسوود وەرگرتن لەوە بیری داهێنان زیاتر بكەین.
سەرۆك وەزیرانی كوردستان داوای كرد كە گەنجان لە تەواوی كوردستان و جیهان سەردانی ئەو ناوەندە بكەن و سوود لە تواناكانی یەكتر وەربگرن. " گەنج چیتر بیر لەوە نەكەنەوە دەنگیان نەبیستراوە".