مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان لە لێدوانێكی بۆ رۆژنامەنووسان ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، كە "دەتوانین وڵاتەكەمان ئاوەدانتر بكەین و بەرپرسیارییەتیش دەكەوێتە سەر گەنجان".
لەمیانەی كردنەوەی ناوەندی گەنجان لە هەولێر، مەسروور بارزانی لێدوانێكی بۆ رۆژنامەنووسان دا و گوتی، هیوادارین گەنجەكانمان باوەڕ و متمانەیان بە خۆیان بێت، كوردستان وڵاتێكی خۆشە، دەتوانین وڵاتەكەمان ئاوەدانتر بكەینەوە، بەڵام ئەو ئەرك و بەرپرسیارییەتییە دەكەوێتە ئەستۆی گەنجان، هیودارم بەو متمانەی بە خۆیان هەیە یارمەتیمان بدەن.
سەرنجی خستە سەر چەند پرسێكی تری پێوەست بە كێشەكان لەگەڵ بەغدا و داهاتی ناوخۆ، لەوبارەیەوە گوتی، چەندان شێواز هەیە بۆ زیادكردنی داهات بەشێكی هەناردەكردنی نەوتە، داهاتی عێراق بەگشتی كەمی كردووە، چونكە هەناردەكردنی نەوتی عێراق كەمی كردووە، بەهۆی ئەو شەڕ و ئاڵۆزییانەی لە ناوچەكەدا هەبوون.
"ئێمە لە هەرێمی كوردستان هەوڵمان داوە یارمەتی حكوومەتی عێراق بدەین لە زیادكردنی بەرهەمی ناوخۆیی، هەروەها بە هەناردەكردنی نەوت لە رێگەی هەرێمی كوردستانەوە، هاوكات كۆمپانیاكان داوای گرەنتیان لە حكوومەتی فیدراڵی كردووە، بۆ ئەوەی بتوانن دەست بە كارەكانیان بكەنەوە". سەرۆك وەزیرانی كوردستان وای گوت.
دووپاتی لەوە كردەوە، هیچ شتێك نەبووە كە ئێمە 120 ملیار بۆ بەغدا بنێرین، ئەوەی هەیە نیوەی داهات بنێرین، ئێستە بەهۆی دۆخەكەوە داهاتی ناوخۆ دابەزیوە.
هەروەها لەبارەی مووچەیش هیوای خواست كە ئەو پرسە تێكەڵی ململانێی سیاسیی نەكرێت.