لەبارەی كێشەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق، ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران زانیاری ئاشكرا كرد و گوتی، هەموو هەوڵێك بە ئاراستەی چارەسەری كێشەكانە و یەكەم ئەزموونی مووچە لەگەڵ حكوومەتی عێراق سەركەوتوو بوو كە مووچەی مانگی پێنج لەكاتی خۆیدا هات.
ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستانە، لەناو لیژنە و شاندەكانی هەرێمی كوردستانە كە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دەكەن و لە لێدوانێكی بۆ رۆژنامەنووسان گوتی، بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی كوردستان زیادی كردووە و گەیشتووەتە نزیكەی 220 بۆ 230 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا و ئێستە هەوڵەكان بەردەوامن بۆ ئەوەی كۆمپانیا نەوتییەكان بگەڕێنەوە بۆ ئاستی پێشتری بەرهەمهێنان، ئەمەش بە مەبەستی زیادكردنی داهاتی گشتی بۆ عێراق.
دووپاتی لەوە كردەوە كە بەغدا بەڵێنی داوە پارێزگاری لە سێكتەری نەوت و وزەی هەرێم بكات و لە ئەگەری هەر هێرشێكدا قەرەبووی زیانەكان بكاتەوە.
بە گوتەی ئامانج رەحیم دۆسیەی نەوت، وردبینی دارایی و داهاتە نانەوتییەكان، بەرەو چارەسەركردن دەچن و هەفتەی داهاتوو شاندێكی حكوومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەكات بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی كۆتایی لەسەر ئەم بابەتانە.
ئامانج رەحیم گوتی، ئامانجی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەیە مووچە چیتر نەبێتە هەواڵی میدیاكان و بە شێوەیەكی رێكوپێك دابەش بكرێت و دابەشكردنی مووچەی مانگی پێنج لە كاتی خۆیدا و هاوشێوەی ناوچەكانی دیكەی عێراق، یەكەم ئەزموونی سەركەوتووی جێگیركردنی مووچە بووە و هەوڵ دەدرێت ئەم پرۆسەیە بەردەوام بێت.