هەریەكە لە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەسەر زاری بەرپرسانی باڵایانەوە ئاشكرایان كرد كە ئێستە لە پێوەندیدان ئەوە دوای ئەوەی دەسپێشخەرییەكی سەرۆك بارزانی لە جەژنی قوربانی بۆ یەكگرتووی نێوان لایەنە سیاسییەكان بڵاو كرایەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەم 11ی حوزەیران، مەحموود محەمەد گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان رای گەیاند، لەگەڵ یەكێتی و تەواوی لایەنە سیاسییەكانی تری كوردستان لە پێوەندیدان بۆ كۆبوونەوە و رێكخستنی پێوەندییەكانیش لەسەر بنەمای دەسپێشخەرییەكەی سەرۆك بارزانییە.
لەلایەكی ترەوە دەرباز كۆسرەت رەسووڵ كارگێری مەكتەبی سیاسیی یەكێتی نیشمانی كوردستان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانی پشتیوانی خۆی بۆ دەسپێشخەرییەكەی سەرۆك بارزانی راگەیاند و گوتی، لە پێوەندیداین.
پێوەندییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی ماوەیەكی زۆرە ساردی تێكەوتووە، پرسی پێكهێنانی حكوومەت پێوەست كراوە بە كۆمەڵێك پرسی ترەوە، بەڵام دوێنێ مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان دووپاتی كردەوە كە دەبێت پەرلەمان كارا بكرێتەوە.