سلێمانی بێ‌ ئاوە

:: PM:04:31:11/06/2026 ‌
بەهۆی شكانی ماتۆڕی گەورەی ئاو لە پڕۆژەی دووكان، ئێستە بەشێكی زۆر لە گەڕەكەكانی سلێمانی بێ‌ ئاو بوون. 

پەیامنێری "وشە" رای گەیاند، بەهۆی شكانی سێ ماتۆڕی گەورەی ئاو لە پڕۆژەی دووكان و ئەنجامدانی كارەكانی پاككردنەوەی بۆرییە سەرەكییەكان، پڕۆسەی دابەشكردنی ئاوی خواردنەوە لە چەند گەڕەكێكی شاری سلێمانی وەستاوە. 

لەلایەكی تریشەوە، بەختیار تاهیر بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی رای گەیاند، پڕۆسەی دابەشكردنی ئاوی خواردنەوە لە چەند گەڕەكێكی سلێمانی ڕووبەڕووی سستی بووەتەوە، چونكە لە چەند سەعاتی رابردوودا سێ ماتۆڕی گەورەی پاڵنانی ئاو لە پڕۆژەی ئاوی دووكان دوو بەهۆی بەكارهێنانی زۆرەوە لەكار كەوتوون.

دووپاتی لەوە كردووەتەوە كە تیمەكانیان سەرقاڵی چاككردن و پاككردنەوەی رێڕەوی ژمارەیەك بۆری سەرەكی و پەمپەكانی ئاون، چونكە بەشێكی زۆری ئەو هێڵانە بەهۆی نیشتنی قوڕ و پیسییەوە گیرابوون و نەیاندەتوانی بڕی پێویستی ئاو بگەیەننە ناو شار.

ساڵانە ئەو كێشەیە لە وەرزی هاوین رووبەڕووی سلێمانی دەبێتەوە، لە هەولێریش بەردەوام كێشەی كەمی ئاو هەبوو، تا مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان پڕۆژەی فریاگوزاری ئاوی لە شارەكەدا كردەوە و ئێستە هیچ كێشەیەكی كەمی و نەبوونی ئاو نەماوە. 



وشە - وشه‌