لەبارەی دەسپێشخەرییەكەی سەرۆك بارزانی، تەواوی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان داوا دەكەن بە رژتر كاری لەسەر بكرێت و لایەنە سیاسییەكان بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان و پێكهێنانی حكوومەت بگەن بە خاڵی كۆتایی.
رۆژی سێشەم 26ـی ئایاری 2026، سەرۆك بارزانی بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی قوربان، لە پەیامێكدا دەستپێشخەرییەكی راگەیاندبوو و داوای لە سەرجەم لایەنە سیاسییەكان كردبوو، لەو ساتە هەستیار و چارەنووسسازەدا، هەموو لایەك بیر لە بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان بكەنەوە و بەرژەوەندییە باڵاكانی گەل لە سەرووی ئامانج و بەرژەوەندیی بەرتەسك دابنێن.
سەرۆك بارزانی، لە پەیامەكەیەدا داوای ئەوەشی لە لایەنەكان كردبوو، واز لەو ململانێیە بێ ئەنجامە و، ئەو خۆخۆرییە بێنن كە ماوەیەكە پڕۆسەی سیاسیی هەرێم بە دەستیەوە دەناڵێنێت.
لە دوای ئەو پەیامەوە بستەڵەكی نێوان لایەنە سیاسییەكان بەتایبەت پارتی و یەكێتی توایەوە، بە ڕادەیەك تا ئێستەیش ئامادەكاری بۆ كۆبوونەوە دەكەن.
عەبدولستار مەجید ئەندامی مەكتەبی سیاسیی كۆمەڵی دادگەری، رای گەیاند، پشتیوانی هەر دەسپێشخەرییەك دەكەین كە بۆ تێپەڕاندنی چەقبەستووی لە كوردستان بكرێت.
هەروەها سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، رای گەیاند، پێویستە دەسپێشخەرییەكە سەرۆك بارزانی چیتر دوا نەخرێت و كاری رژدی لەسەر بكرێت.
ئێستە لەسەر بنەمای ئەو دەسپێشخەرییە بە گوتەی بەرپرسانیان پارتی و یەكێتی لە پێوەندی بەردەوامدان بۆ ئەوەی بە زووترین كات لەسەر پێكهێنانی حكوومەت كۆ ببنەوە.